شه‌ڕی پشتئاشان .. (دیدار) .. بەشی 3
رێبوار:ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی ئێوه له ده‌شتی هه‌ولێر چه‌ند پێشمه‌رگه ده‌بوو؟
هه‌ندرێن:ئێمه نزیكه‌ی 150 پێشمه‌رگه ده‌بووین هاوکاتیش مه‌فره‌زه‌یه‌کی "رێکخستنی مه‌حه‌لی که 10تا 20 کادیر ده‌بوون.
یه‌كیتی هاتبوون ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه له ناو ببه‌ن، چونكه ئه‌وكات یه‌كێتی وا بیری ده‌كرده‌وه، سه‌رتاپای ئه‌و هێزانه‌ی كه هه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌ربه یه‌كێتی نه‌بن، یان پاشكۆی یه‌كێتی نه‌بن هه‌موویان ده‌رپه‌ڕێنێ یان ملکه‌چی سیاسه‌تی خۆی بکات. به هه‌مه‌حاڵ، له‌و شه‌ڕه‌دا له مه‌فره‌زه‌كه‌ی ئێمه دوو پێشمه‌رگه‌مان شه‌هید بوو و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كیشمان بریندار بوون. جێگه‌ی سه‌رنجه یه‌کێتی له نه‌خشه‌ی دابوو که کۆی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی ده‌شتی هه‌ولێری حیزبی شیوعی له‌ناوببات. هه‌ر بۆیه بۆ به‌یانییه‌که‌ی زوو که‌س و کاری پیشمه‌رگه له هه‌ولێره‌وه هاتن بۆ "به‌ستی شه‌رغه"، چونکه له‌گه‌ڵ به‌یانییدا یه‌کێتی له رێگای رێکخستنه‌کانی ناوشاره‌وه بانگه‌شه‌یان کردبوو که حیزبی شیوعیان هه‌موو کوشتووه. بۆ زانین، ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی لقی هه‌ولێری حیزبی شیوعی چاڵاکترین پیشمه‌رگه‌کانی حیزبی شیوعی بوون، بۆیه یه‌کێتی ده‌مێک بوو لێی به رق بوون. کاتێک "به‌ره‌ی جوود" مه‌ڵبه‌ندی 3 ی یه‌کێتیان گرت له گوندی بالیسان، له‌وێ نامه‌یه‌کی نه‌وشێروان مسته‌فایان ده‌که‌وێته ده‌ست، نه‌وشێروان له‌و نامه‌یه‌دا باسی ئه‌وه ده‌کا که سه‌رتیپی یه‌کیتی له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی ره‌ق نییه، بۆیه ده‌بێت سه‌رتیپێکی ئازاتری هه‌بێت. کاتی خۆی حیزبی شیوعی ئه‌و نامه‌یه‌ی بڵاوکرده‌وه.
به‌ڵێ یه‌کێتی زۆر نامه‌ردانه بوو له‌و بۆسه‌یه‌دا، چونکه وتم ئێمه ئێواره پێکه‌وه له گوندی نێره‌گین بووین و حیزبی شیوعی نزیک شه‌ش دیلی یه‌کێتی ئازاد کرد که پێشمه‌رگه‌کانی سۆسیالیست له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه‌وه به دیلیان گرتبوو. هاوکاتیش ئێمه له چاڵاکی سه‌ربازیی دژی رژێم ده‌گه‌ڕابووینه‌وه. ئه‌و که‌مینه خه‌نجه‌ری ژه‌هری یه‌کێتی بوو له پشته‌وه له ئێمه‌ی دا، که ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی مرۆی جوامێر و شۆڕشگێڕ نییه.
دیاره حیزبی شیوعی هه‌میشه به هه‌ڵه له واقیعی خۆیی و په‌یوه‌ندییه‌کانی گه‌یشتبوو، هه‌روه‌ک له پشتئاشانیش چاوه‌ڕوان نه‌کردن و به هه‌ڵه تێگه‌یشتنی سه‌رکردایه‌تی حیزبی شیوعی بوو، بۆیه یه‌کێتی توانی گورزێکی وا گه‌وره‌ی لێبدات. به‌هه‌رحاڵ دوای پوچه‌ڵبوونه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی له‌ناوبردنی لقی ده‌شتی هه‌ولێری حیزبی شیوعی و سۆسیالسته‌کان، داوای ئاشتبوونه‌وه‌ی کرد. ئه‌وه‌بوو وه‌فدێکی به‌ره‌ی جوود به سه‌رکردایه‌تی ملازم خدری حیزبی شیوعی هاتنه‌وه ده‌شتی هه‌ولێر. دوای ئاڵۆزییه‌کی زۆر شه‌ڕ وه‌ستا و مه‌رجی حیزبی شیوعی ئه‌وه‌بوو که یه‌کێتی ئه‌و هێزه‌ی که له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان هێنابووی بکێشێته‌وه و کۆمه‌ڵی مه‌رجی تر. ئه‌وه‌بوو یه‌کێتی کۆی پیشمه‌رگه‌کانی له‌و ناوچه‌یه کشانده‌وه به‌ره‌و ئاسۆس و خۆشناوه‌تی چوون. له گوندێکی رۆژئاوای کۆیێ تووشی کاتێک کۆمه‌ڵێ پیشمه‌رگه‌ی لقی کۆیێی حیزبی شیوعی ده‌چنه ئه‌و گونده که مه‌فره‌زه‌یه‌کی گه‌وڕه‌ی یه‌کێتی لێده‌بێت، مه‌فرزه‌که‌ی یه‌کێتی ته‌شه‌قه‌ڵه‌یان پێده‌که‌ن که نابێت له‌و گونده بمێننه‌وه. دواجار ئه‌و شه‌ڕ فرۆشتنه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی حیزبی شیوعی ده‌بێته پێکدادان، له‌وێ شێخ شه‌ماڵ، که وابزانم ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوو، ده‌کوژرێت. ئیتر کێشه‌کان ئاڵۆزتر ده‌بن. یه‌کێتی له‌و کاته‌وه ده‌که‌ونه رق له مه‌حمه‌د حه‌لاق که گوایه ئه‌و به‌رپرس بوو له‌و شه‌ڕه‌دا، دواجار، به‌رای من، هه‌ر ئه‌و رقه‌بوو که له نه‌وه‌ده‌کان یه‌کێتی به شێوه‌یه‌کی ناجوامێرانه کوشتیان. دوای کشانه‌وه‌ی یه‌کێتی له ده‌شتی هه‌ولێر. کێشه‌کان ده‌که‌ونه بالیسان، که‌و ئه‌کات مه‌ڵبه‌ندی 3ی یه‌کێتی لێ‌بوو و مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری حیزبی شیوعیش له شێخ وه‌سانان بوو که ئه‌بو حیكمه‌ت به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ند بوو. رۆژێک ده‌بینن پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی له نزیک باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی حیزبی شیوعی و جوود بۆسه‌یان داناوه‌ته‌وه، کاتێک پیشمه‌رگه‌کانی حیزبی شیوعی لێیان ده‌پرسن بۆ بۆسه‌تان داناوه‌ته‌وه، یه‌کێتیه‌کانیش ده‌لێن رژێم نیازی وایه هێرش بۆ بالیسان بکات. شیوعییه‌کانیش پێیان ده‌ڵێن جا بۆ لێره بۆسه‌تان دانه‌وه‌ته‌وه؟ به‌مجۆره حیزیبی شیوعی زانیبووی یه‌كێتی ئه‌و نیازه‌ی هه‌یه که هێرش بکاته سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی ئه‌وان، بۆیه حیزبی شیوعی و به‌ره‌ی جوود ده‌ستپێشخه‌ری ده‌که‌ن و هێرش ده‌که‌نه سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی سێی یه‌كێتی و ده‌یگرن، ئه‌مه‌ش له مانگی سێی ساڵی 1983 بوو، كه له‌وێ شكان، نه‌وشیروان له سلێمانییه‌وه هات و یه‌كێتیش شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبی شیوعیان قۆسته‌وه له پشتئاشان، چونكه حیزبی شیوعی چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بوو که یه‌کێتی هێرش بکات سه‌ر سه‌رکردایه‌تی شیوعی، بۆیه یه‌كێتی په‌لاماری پشتئاشانیاندا بۆ تۆڵه‌ی هه‌موو ئه‌و شكستانه‌ی كه له ده‌شتی هه‌ولێر و خۆشناوه‌تی خواردیان. هاوكاتیش یه‌كێتی پرۆژه‌ی رێكه‌وتنی هه‌بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی حكومه‌تی عێراقیش ئه‌وه‌بوو، كه هه‌موو ئه‌و هێزه به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی تر كه هه‌بوون له كوردستان، یان ده‌بوایه رازییان بكات و بیانهێنێته‌وه بۆ ناو حكومه‌ت، یان ده‌بوو له ناوی به‌ره‌و ئێرانیان راو بنێت. هه‌ڵبه‌ت دوای پێشتئاشان سه‌رکردایه‌تی له به‌یاننامه‌کدا ئاماژه بۆ ئه‌و مفاوه‌زاته‌ی نێوان رژێم و یه‌کێتیی ده‌کات.
من خۆم له‌شه‌ڕێكدا بووم، حكومه‌ت به‌سه‌ر یه‌كێتیدا ده‌هات و به تۆپ و ته‌یاره له ئێمه‌ی ده‌دا، به‌ڵام له‌وانی نه‌ده‌دا، ئه‌مه راستی شه‌ڕی پشتئاشنه و ئه‌و شه‌ڕه‌ش بۆ تۆڵه كردنه‌وه بوو له حیزبی شیوعی. هاوکاتیش، به رای من، مه‌رجێکی رژێمی به‌عس بوو. ئه‌مه‌ش له سازشکردنی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ رژێمدا به ئاشکرا دیار بوو. چونکه ئه‌وکات یه‌کێتی شانبه‌شانی جاشه‌کانی رژێم به دوای ئه‌و مه‌فره‌زانه‌ی شیوعی و سۆسیالیست و پارتییه‌وه بوو که له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا ده‌ریان بکات. بۆ نموونه له سه‌ره‌تای مفاوه‌زاتی یه‌کێتی و رژێم له کۆتای ساڵی 1983دا، ئێمه وه‌ک مه‌فره‌زه‌یه‌کی 40 که‌سی به رابه‌رایه‌تی عه‌لی حاجی، که پیاوێکی ئازا بوو و دواجار له شه‌ڕێکدا له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا کوژرا، له بارزانه‌وه هاتین بۆ ده‌شتی هه‌ریر و به‌ره‌و ده‌شتی کۆیێ ده‌چووین، له گوندی "هه‌ناره" تووشی سه‌خترین شه‌ڕ بووین، "له گوڵناره‌کانی شوێنپێ له باخچه‌کانی تاراوگه‌دا" باسی ئه‌و شه‌ره‌م کردووه، هاوکات له‌سه‌ر شه‌قامی کۆێی هه‌ولێر زیاتر له 500 پیشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی که‌مینیان بۆ ئێمه دانابوو. دواجار له دوای ئه‌و شه‌ڕه سه‌خته‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ رژێم له گوندی "هه‌ناره" و هێرشه‌کانی یه‌کێتی ناچاربووین ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌جێبهێلین.

هه‌ندرێن له رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ،1982