شه‌ڕی پشتئاشان .. (دیدار) .. بەشی 2
رێبوار: به‌ڵام سه‌ره‌تای شه‌ڕی پشتئاشان كه‌ی بوو و له‌كوێوه دروستبوو؟
هه‌ندرێن: شه‌ڕی پشتئاشان له 1ی ئایار، واتا له یادی دامه‌زراندنی حیزی شیوعی روویدا، بۆیه هێرشێکی داڕێژراو بوو. لێ ئه‌و هێرشه به رێککه‌وت نه‌بوو، به‌ڵکوو ئاکامی زنجیره شه‌ڕێکی پێشووی نێوان "به‌ره‌ی جوود"، شوعیی و پارتیی و سۆسیالیست و پاسۆک و یه‌کێتیی بوو. کۆی ئه‌و حیزبانه‌ش که حیزبی شیوعی هاوپه‌یمانیان بوو کێشه‌ی قووڵیان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی هه‌بوو دوجاریش حیزبی شیوعی، له روانگه‌ی یه‌کڕێزیی و خه‌بات به دژی رژێمی به‌عسه‌وه، خۆی کرد به به‌شێک له‌و کێشانه‌وه. بۆیه من ناچارم به کورتی کۆمه‌ڵی ورده‌کاریی مێژووی پێش پێشهاتی پشتئاشان باسبکه‌م
ویڕای ئه‌و پاشخانه، ئه‌و رقه‌ی یه‌کێتی له حیزبی شیوعی له پاییزیی 1981 ده‌ستی پێ‌کرد و له پیشتئاشاندا گه‌یشته ئه‌و ئاکامه. له هاوین یان سه‌ره‌تای پاییزیی ئه‌و ساڵه‌دا بوو بۆ یه‌که‌م جار سه‌رۆک جاشێک به ناوی عه‌بدوڵا مایولی له ده‌ڤه‌ری باڵه‌کایه‌تی، ده‌رگه‌ڵه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند جاشێکی خۆی دێنه ناو حیزبی شێوعییه‌وه. دوای ئه‌وه یه‌کێتیی، به بیانۆی ئه‌وه‌ی که عه‌بدوڵا مایولی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی کووشتوه ،داوای له حیزبی شیوعی کرد که عه‌بدوڵا مایولی راده‌ستی ئه‌وان بکات، حیزبی شیوعیش به‌وه رازی نابێت. جێگه‌ی سه‌رنجه هاوکات که یه‌کێتیی ئه‌و داوایه ده‌کات، که‌چی مام جه‌لال و به‌رپرسانی یه‌کێتی له ژیره‌وه نامه بۆ عه‌بدوڵا ماویلی ده‌نێرن که واز له حیزی شیوعی بێنێت و بێته ناو ریزه‌کانی یه‌کێتیی و ده‌یکه‌ن به به‌رپرس. به‌مجۆره کاتێک یه‌کێتیی زانی هه‌وڵه‌کانی بێسووده، رۆژێک عه‌بدوڵا ماویلی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی هاتبوون بۆ دیتنی خێزانه‌که‌ی ده‌چنه گوندی "ده‌رگه‌له". له‌وێدا مه‌فره‌زه‌یه‌کی گه‌وره‌ی یه‌کێتی دێن ئه‌و ماڵه گه‌مارۆ ده‌ده‌ن که عه‌بدوڵا ماویلی میوانی ده‌بێت. یه‌کێتییه‌کان داوا له ماویلی ده‌که‌ن که خۆی ته‌سلیم بکات، به‌ڵام ئه‌و رازی نابێت. دواجار دوای شه‌ڕێکی سه‌خت عه‌بدوڵا ماویلی ده‌کوژرێت. دوای ئه‌مه‌ش له تۆڵه‌ی ئه‌وه مه‌فره‌زه‌یه‌ک له مه‌ڵبه‌ندی حیزبی شیوعی، که ئه‌وکات عه‌لی کلاشینکۆف به‌رپرسی سه‌ربازیی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر بوو، له گوندی "گه‌ره‌وانی خواروو" له "دۆڵی گه‌روان" تووشی مه‌فره‌زه‌یه‌کی یه‌کێتی ده‌بن و پێکدادان رووده‌دات، له‌وێدا چه‌ند به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی ده‌کوژرێن. دوای ئه‌وه په‌یوه‌ندی حیزبی شیوعی و یه‌کێتیی ئاڵۆز ده‌بێت. له نزیک مانگی 11ی 1981 که ساڵێک به‌سه‌ر دامه‌زراندنی "به‌ره‌ی جوود" تێده‌په‌ڕێت، که له‌وێدا جه‌خت له‌وه ده‌کرێته‌وه هه‌موو حیزبه‌کان ده‌بێت مه‌فره‌زه‌یان له خاکی کوردستان ئاماده بێت. بۆیه ئه‌وکات مه‌فره‌زه‌یه‌کی بچووک و شپڕێوی پارتی، وابزانم خدر سوار به‌رپرسیان بوو، دێنه پشتئاشان ، له‌وێوه له‌گه‌ڵ مه‌فرزه‌یه‌کی حیزبی شیوعی (که من خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه بووم) و پاسۆک و سۆسیالیست که سه‌ید کاکه به‌رپرسیان بوو به‌ره‌و گوندی "وه‌رتێ" ده‌چووین، که ئه‌وکات باره‌گای مه‌حه‌لی، رێخستنه‌کانی هه‌ولێری حیزبی شیوعی لێ بوو، له‌وێشه‌وه بۆ خۆشناوه‌تی بڕۆین. له گوندی "خه‌نه‌قا"دا که ده‌که‌وێته خوار گوندی ده‌رگه‌له و له‌سه‌ر شه‌قامی نێوان ده‌رگه‌له -پشتئاشان-رانیه، مه‌فره‌زه‌یه‌کی گه‌وره‌ی یه‌کێتیی به سه‌رۆکایه‌تی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌وێبوو. که گه‌یشتینه نزیک خانه‌قا، نه‌وشێروان له‌گه‌ڵ مه‌فره‌زه‌یه‌ک هاتنه پێشمان و به‌رپرسی سه‌ربازیی ئه‌وکاتی حیزبی شیوعی که ناوی ملازم خدر بوو ئاگادار کرده‌وه، که رێگه‌ناده‌ن چه‌کداری پارتی بێنه ناو کوردستان و ئه‌گه‌ر به‌یانی هه‌ر کێشه‌یه‌ک روویدا ئه‌وه حیزبی شیوعی خۆی به‌رپرسیاره. ئه‌وه‌ی من بزانم حیزبی شیوعی نکۆلی له بوونی پارتی کرد که له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌یه و هاوکاتیش داوایان له نه‌وشێروانکرد واز له‌و سیاسه‌ته بێنێت. دواجار ئێمه به‌رده‌وام بووین به‌ره‌و گوندی وه‌رتێ. پاش چه‌ند رۆژێک گه‌یشتنمان به وه‌رتێ، ئێواره‌یه‌ک نزیک سه‌عات 9 بوو هه‌واڵ هات که پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی له قۆڵی سه‌نگه‌سه‌ره‌وه هاتوون و سه‌ر چیای کارۆخیان گرتووه. ئه‌وه‌بوو بۆ به‌یانییه‌که شه‌ڕ ده‌ستی پێ‌کرد، دوای دوو سێ رۆژ له شه‌ڕ، ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی پارتی به‌ره‌و ئێران قووچاندیان و حیزبی شیوعی و سۆسیالیست و مه‌فره‌زه‌یه‌کی چه‌ند که‌سی پاسکۆ ماینه‌وه. دواجار له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ره‌ی جوود تێکشکا و به‌ره‌و پشتئاشان هه‌ڵاتین. دوای مانگێک زیاتر ئاشتبوونه‌وه کرا.
به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه، بۆ له رۆژگاری شه‌ڕی چه‌کداری بزاڤی رزگاریخوازی کورد و ساڵانی نه‌وه‌ده‌کانی دوای راپه‌ڕنی به‌هاری 1991 هه‌ولێر ده‌بێته چه‌قی قوڕسایی شه‌ڕه‌کانی نێوان هێزه کوردییه‌کان؟ ئه‌مه پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت هه‌یه. دیاره له ساده‌ترین راڤه‌دا ده‌کرێ بڵێین، چونکه هه‌ولێر له رووی جوگرافییه‌وه به‌هایه‌کی سیاسیی هه‌یه. هه‌ولێر هاسه‌نگی ده‌سه‌ڵات دیاریده‌کات. به‌ڵام بۆچی مه‌ڵبه‌ندی حیزبی شیوعی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی، به تایبه‌تی به‌هائه‌دین نووری، دوای پشتئاشان و پیشتریش به ده‌ر له بڕیاری سه‌رکردایه‌تی حیزبی رێککه‌وتنی هاوبه‌شیان مۆرده‌کرد؟ دیاره ئه‌و بابه‌ته پێویستی به خوێندنه‌وه و به‌ڵگه‌ی ورده‌وه هه‌یه.
به رای من، هۆکردی به‌شێکی ئه‌و شه‌ڕانه که له هه‌ولێر له نێوان حیزبی شیوعی و یه‌کێتی روویانده‌دا، په‌یوه‌ندی به قوڕسایی حیزبی شیوعی له ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر و چاڵاکیی و یاخیبوونی ئه‌و هێزه‌ی هه‌وڵیری شیوعی هه‌بوو، هه‌روه‌ک ره‌نگه به‌شێکیشی په‌یوه‌ندی به نزیکایه‌تی سه‌رکردایه‌تی هه‌ولێری حیزبی شیوعییه‌وه هه‌بێت، له‌وانه‌ش ئه‌بو حیکمه‌ت که له رووی میزج و پاشخانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌بوو. بۆیه دواجار ئه‌بوو حیکمه‌ت و زۆرێک له کادیرانی راگه‌یاندن و سیاسیی حیزبی شیوعی له ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر، بوون به دڵسۆز و داکۆکیکاری سه‌رسه‌ختی پارتی!
دوای ئه‌وه له سه‌ره‌تای ساڵی 1982 به‌ره‌ی جوود به‌ره‌و رۆژه‌هه‌ڵاتی کۆیێ دابه‌زین، ئه‌وه‌بوو له 27ی 1ی 1982 رژێمی به‌عس هێرشێکی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ده‌شتی کۆێی کرد و هه‌موو حیزبه‌کان پێکه‌وه رووبه‌ڕووی رژێم بوونه‌وه. دوای چه‌ند رۆژ شه‌ڕ حیزبی شیوعی زیاتر له 11 پیشمه‌گه‌ر و کادیری شه‌هید بوو. ئه‌و شه‌ڕه به "شه‌ڕی سێکانی" ناسراوه. ئه‌و ماوه‌یه راسته هیچ شه‌ڕێک له نێوان به‌ره‌ی جوود و یه‌کێتی نه‌بوو، به‌ڵام له زستانی 1983 شه‌ڕی نێوان سۆسیالیست و یه‌کێتی له ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له ئارادابوو. ئه‌وه بوو له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا مه‌فره‌زه‌یه‌کی سۆسیالیست چه‌ند پیشمه‌گه‌ریه‌کی یه‌کێتیی دیل ده‌که‌ن و هاتن بۆ رۆژهه‌ڵاتی کۆێی، که ئه‌وکات سۆسیالیست هێزیکی زۆری هه‌بوو له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا. دواجار یه‌کێتی به مه‌فره‌زه‌یه‌کی گه‌وره که وابزانم زیاتر له 500 پیشمه‌رگه ده‌بوون به دوای ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی سۆسیالیست هێنا بۆ رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ. من وه‌ک پیشمه‌رگه‌یه‌کی ئاماده بوو له رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ شایدی ئه‌وه‌م، حیزبی شیوعی رۆڵی ناوبژیوانی بینی له نێوان سۆسیالیست و یه‌کێتییدا. ئێواره‌یه‌ک له گوندی "نێره‌گین"، که پایته‌ختی پیشمه‌رگه بوو له‌و ده‌ڤه‌ره دا، هه‌میشه له پیشمه‌رگه جمه‌ی ده‌هات، ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی حیزبی شیوعی دیله‌کانی یه‌کێتی له سۆسیالیست وه‌رگرته‌وه و دایه‌وه به یه‌کێتی. هه‌ر ئێواره‌یه ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی حیزبی شیوعی، تاکوو ئه‌و بێچاڵاکییه سه‌ربازییه له‌و ده‌ڤه‌ره به‌رده‌وام نه‌بێت و رژێم سوود له‌و گرژیه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کان نه‌بینێت، بڕیاری چاڵاکییه‌کی سه‌ربازیی دا. ئه‌وه‌بوو ئێمه به چه‌ندین ئۆتۆمبیله‌وه به‌ره‌و ده‌شتی هه‌ولێر رۆیشتین و ئێواره زوو له‌سه‌ر شه‌قامی نێوان که‌رکوک – هه‌ولێردا بۆسه‌مان دانایه‌وه. له‌و بۆسه‌یه‌دا چه‌ندین پیاوی سه‌ر به رژێممان به دیلگرت، به‌شێکیان میسریی بوون. نزیک سه‌عات 12ی شه‌و که گه‌ڕاینه‌وه رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ. وه‌ک هه‌میشه کاتێک شه‌وانه پێشمه‌رگه له ده‌شتی هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی کۆیێ ده‌گه‌ڕایه‌وه، له دوای گوندی قه‌شه‌قه‌وه که ده‌که‌وێته سه‌ر زێی پردێ له‌وێوه ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه بوو، بۆیه زۆربه‌ی پێشمه‌رگه له دوای ئۆتۆمبیله‌کاندا پاڵی ده‌دایه‌وه یان هه‌بوو خه‌وی لێده‌که‌وت. به‌مجۆره ئێستاش به بیرمه کاتێک له گوندی قه‌شقه تێده‌په‌ڕین و گه‌یشتینه سه‌ره‌تای "به‌ستی شه‌رغه" که به‌ستێک بوو رێگای سه‌ره‌کی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو، من له دواوه‌ی ئوتومبیلیکمان که له لۆری ده‌چوو پاڵم دابوه‌وه، له هیکڕا بووه ئاگر باران. وابزانم ئێمه 5 تا 6 ئوتۆمبیل ده‌بووین. ئێمه هه‌موومان تووشی شۆک بووین، تا به‌ره‌به‌یان وامزانی ئه‌وه جاش و سه‌ربازی رژێمه که به دزی هاتوونه‌ته ئه‌و ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه تاکوو بتوانن گورزێکی باشمان لێبده‌ن، که‌چی ده‌رچوو پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی بوون که به درێژایی به‌ستی شه‌رغه تا گوندی "نێره‌گین"، که وه‌ک وتم ئێواره‌که‌ی ئێمه له‌وێ پێشمه‌رگه دیله‌کانی یه‌کێتیمان له مه‌فره‌زه‌که‌ی سۆسیالیست وه‌رگرته‌وه و دامه‌نه‌وه یه‌کێتی.
به‌ره به‌یان هێرشی پیچه‌وانه له لای حیزبی شیوعی و سۆسیالیسته‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. تا نیوه‌ڕۆ یه‌کێتی ته‌نیا تێکشکا. له گوندی نێره‌گین مه‌فره‌زه‌یه‌کی سۆسیالیست و کۆمه‌ڵی کادیری "مه‌حه‌لی" و پیشمه‌رگه‌ی نه‌خۆشی حیزبی شیوعی لێبوون. له‌وێدا شه‌ڕێکی سه‌خت له نێوان ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی سوسیالیست و یه‌کێتی روویدا که دکتۆر ره‌شید به‌رپرسی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی سۆسیالیست بوو، به‌ڵام ئه‌و مه‌فرزه‌ی حیزبی شیوعی شه‌ڕ ناکه‌ن و یه‌کێتی به دیلیان گرتبوون. دواجار یه‌کێتی له نێره‌گین شکا و به‌ره‌و گوندی سێکانی هه‌ڵاتن.