شه‌ڕی پشتئاشان .. (دیدار) .. بەشی 1
شه‌ڕی پشتئاشان:
به‌رهه‌مێک له‌و ئه‌قڵه چه‌ته‌گه‌رییه‌ی حیزبی کوردیی که ئێستاش حوکمڕانه
ئاماده‌کردنی: سڤیل: رێبوار رەزا چوچانی
رێبوار: شه‌ڕی پشتئاشان كاره‌ساتێكه و به‌سه‌ر حیزبی شیوعیدا سه‌پا، له كوێوه بتوانین باس له‌و شه‌ڕه و نه‌هامه‌تییه‌كانی بكه‌ین، چونكه له ئێستادا حیزبی شیوعی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه، خۆیان له باسكردنی ئه‌و كێشه‌دا به‌دوور ده‌گرن؟
هه‌ندرێن: ئه‌و باسه ئاڵۆزییه‌كی زۆری تێدایه، بۆیه له به‌رایڕا حه‌زده‌که‌م تۆ و خوێنه‌ریش بزانن، که من وه‌ک ده‌مڕاستێکی هیچ حیزب و لایه‌نێک له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه خوێناوییه‌ی رۆژگاری پێشمه‌رگایه‌تیی و پێشهاتێکی هه‌ژنده‌هێنه‌ری وه‌ک پشتئاشان ناپه‌یڤم، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک که‌سێکی به ئاگا ده‌ئاخفم که له نزیکه‌وه زیاتر له 8 ساڵ له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژگاره و شه‌ڕه بێمانایانه ژیاوم که ئێستاش، وه‌ک "پۆست تراومایه‌ک" شوێنپێی ئه‌و رۆژگاره شه‌ڕگره له‌سه‌ر روح و ئاوه‌زی مندا ماون. دیاره کارێکی هه‌ڵه‌یه که شه‌ڕی پشتئاشان له‌وئه‌قڵه عه‌نته‌ربازیی و میلیشاییه‌ی ئه‌و رۆژگاره ده‌ربهاوێژین که کۆی حیزبه‌کان هه‌ڵگریی بوون، به تایبه‌تیش یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان، که پێی وابوو میراتگری شۆڕشی نوێ و خاکی کوردستانه. لێره‌وه شه‌ڕی پشتئاشان رووداوێکی زه‌قی ئه‌و عه‌قڵه میلیتاریزم و ره‌هاگیرییه بوو که بزاڤی سیاسیی کورد له هه‌شتاکان هه‌ڵگری بوو له‌وه‌ش زیاتری به‌رهه‌م نه‌هێن، بۆیه ئه‌و عه‌قڵییه‌ته تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه.
کاتێک تۆ ده‌ڵێی "سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه خۆیان له باسکردنی ئه‌و کێشه‌یه به دوور ده‌گرن"، هه‌ست به ئازارێکی روحی ده‌که‌م. به‌ڵێ، ره‌نگه له ئێستادا باس نه‌كردنی ئه‌و کێشه‌یه له‌لایه‌ن حیزبی شیوعییه‌وه بۆ بوونی ترسێك له لایه‌ن زۆرینه‌ی سه‌رکردایه‌تی بگه‌ڕێته‌وه. چونكه ره‌نگه له باس كردنی ئه‌و بابه‌ته‌دا، ئیهانه بكرێن. هاوکاتیش به‌شێکی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی سه‌رکردایه‌تی ئه‌مڕۆی شیوعی په‌یوه‌ندنی به مۆراڵی حیزبی شیوعییه‌وه هه‌یه، كه دوای داڕمانی ویست و ئیراده‌ی به‌شێکی زۆری سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه له دوای 1991ه‌وه هه‌میشه به بیانۆی جۆرا و جۆره‌وه خۆیان له‌و باسه و کۆی شکسته‌کانیان ده‌زنه‌وه. راستییه‌که‌ی له دوای هه‌ڵبژاردنی 1992 له کوردستان و پووکانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه له ئاستی جه‌ماوه‌رییه‌وه، بێجگه له خۆ هه‌ڵواسین به پارتیی هیچی تر نییه. بۆیه لای ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌وه هه‌ستی به‌رپرسیاریی به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو قوربانیی و خه‌باته‌ی خه‌ڵکه‌وه مانای نه‌ماوه، ئه‌وان خۆیان له زۆرینه خێزانه خاوه‌ن شه‌هیده‌کان و لایه‌نگره ره‌خنه‌گره‌کانیانه‌وه دوورده‌گرن، چونکه مانه‌وه‌ی دووکان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بۆ گرنگه. هه‌روه‌ک ره‌نگه به‌شێكی تری ئه‌و بێده‌نگییه‌ش په‌وه‌ندی به‌و بارودۆخه‌ی ئێستاوه هه‌بێت كه نه‌وشیروان لیستی سه‌ربه‌خۆی دروستكرد بۆ په‌رله‌مان و بۆته ئۆپۆزسیۆن. بۆیه ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه ده‌ترسن به هۆی ئه‌و دۆخه ئالۆزه‌ی که له نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕاندا دروستبووه، لایه‌نێك سود له‌و رووداوه وه‌ربگرن.
راستییه‌که‌ی حیزبی شیوعی له‌وه‌تی هه‌یه، به هۆی ئه‌قڵی پاشکۆیی و وابه‌سته‌یی به بلۆکی سۆڤییه‌ت و زۆر هۆکاری تر، هه‌میشه دۆڕاو بووه. ئێستاش گروپێکی سه‌رکردایه‌تی له پێناو دووکان و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌موو مێژوویه‌کی خۆیان فه‌رمۆشکردووه. حیزبی شیوعی له هه‌شته‌کاندا له پارتی زیاتر خاوه‌ن داستانی شه‌ڕی گه‌وره و قوربانی بێژماره‌یه، که‌چی ئێستا نه‌ک هه‌ر ئه‌و داستان و قوربانییه فه‌رامۆشکراون، به‌ڵکوو بوونه‌ته بازاڕێک بۆ کۆمه‌ڵێک کادیری سه‌روو. بگره ئه‌وه ئاکامی ئه‌و مێژووه‌یه که دوای نه‌وه‌ده‌کان کۆمه‌ڵی کادیری راگه‌یاندن و سیاسی حیزبی شیوعی له لایه‌ن پارتییه‌وه سوودمه‌ند بوون.
به‌ڵێ، که ئێمه بێلایه‌نانه باس له‌و شه‌ڕه‌ی نێوان حیزبی شیوعی و یه‌كێتی كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و مێژووه‌دا ده‌که‌ین، ده‌بێت وه‌ک ره‌خنه‌کی پێویست سه‌یر بکرێت نه‌ک ته‌نیا لایه‌ك به‌سه‌ر لایه‌تی تردا زاڵبكرێت. چونكه ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكرێت له‌م كاته‌دا زۆر كێشه‌یه، بۆیه ره‌نگه ئه‌مه‌ش هۆكارێك بێت كه حیزبی شیوعی نه‌یه‌وێت قسه له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه بكات. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، وه‌ک چۆن یه‌کێتیی به گشتی و نه‌وشێروانیش به تایبه‌تیش له به‌رانبه‌ر ئه‌و مێژووه‌دا ئیراده‌ی ره‌خنه له خۆ گرتنیان نییه، به هه‌مان شێوه‌ش حیزبی شیوعی ئیراده‌ی ره‌خنه له خۆگرتن و ورووژاندنی ئه‌و مێژووه‌ی نه‌بێت. به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه، مه‌هزه‌له له‌وه‌دایه كه یه‌كێتی هه‌ر خۆیان له كاتی هه‌ڵبژاردندا ئه‌و بابه‌ته‌یان به دژی نه‌وشێروانه‌وه ورووژاند، تاکوو ئه‌و تاوانه مێژوویه‌ی خۆیان بخه‌نه ئه‌ستۆی نه‌وشیروان مسته‌فاوه، له كاتێكدا ئه‌وکات نه‌وشیروان وه‌ك سه‌کردایه‌تییه‌کی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ زۆرێک له‌و سه‌رکردایاتییانه‌ی ئه‌مڕۆی ناو یه‌کێتی هه‌میشه به هه‌زه‌ران پێشمه‌رگه‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی کردووه. به کورتی، ئه‌و خۆدزینه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزبی شیوعی که لای تۆ پرسیاره، په‌یوه‌ندی به‌و نه‌ریته پاشکۆیه‌ی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌وه هه‌یه که دوای راپه‌ڕین وه‌ک مشه‌خۆرێک بازرگانی به مێژووی ئه‌و پیشمه‌رگه ماندوونه‌ناسانه‌وه ده‌که‌ن.
رێبوار: به‌رپرسێكی یه‌كێتی به‌شدار بووی شه‌ڕی پشتئاشان ده‌ڵێت، له شێنێ مام جه‌لال كۆی كردینه‌وه و پێی وتین بڕۆن شیوعییه‌كان قه‌تڵوعام بكه‌ن، ده‌ڵێت ئێمه كاسێتی ڤیدیۆیی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌مان هه‌یه، وه‌ك ئه‌و باسی ده‌كات، مام جه‌لال فه‌رمانی ئه‌و شه‌ڕه‌ی داوه، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ت چیه بۆ ئه‌م حاڵه‌ته؟
هه‌ندرێن: سه‌یركه ئه‌م دۆخه چه‌نده ئاڵۆزه، لێره‌دا تشتێك به نموونه بهێینه‌وه، تۆ بڕوانه گفتوگۆی كوردی له باره‌ی گه‌نده‌ڵی، گۆڕان، ئه‌خلاق و کێشه سیاسییه‌کانه‌وه، که له باره‌ی هیچییانه‌وه ناگاته ئه‌نجامێك، چونكه ململانێی حیزبی و میزاجی مێگه‌لیی و بێکولتووریی، نه‌بوونی هه‌ویه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، بێ ره‌چه‌ڵه‌کیی ئاراسته‌ی ده‌کا نه‌ک به‌رژوه‌ندی گشتی، ئێتیکی مرۆڤایه‌تیی و دۆزی کورد. به ده‌ر له‌وه‌ش بزوتنه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیریی یان رۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نی خاوه‌ن ئامانج و لێزان له كوردستاندا ئاماده‌یی نییه. ئه‌و رووداوه‌ی پشتئاشان ئه‌گه‌ر وه‌ك لێكۆڵینه‌وه له ئاستی زانستگا كاری له‌سه‌ر بكرێت، ده‌بێت كه‌سێكی شاره‌زا له بواری مێژوودا وه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ قسه‌ی له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئێستا مه‌هزه‌له‌كه له‌وه‌دایه كه یه‌كێتیی و نه‌وشیروان بوونه‌ته دوو هێزی جیاواز و له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، هه‌ردوو لاشیان راست ده‌كه‌ن. چونکه یه‌کێتی ئه‌وکات به کۆی سه‌رکردایه‌تیی خۆیان به تاکه هێزی ره‌وای شاخ ده‌زانی. به‌ڵام بۆ كه‌سێك ئه‌گه‌ر تۆزێك له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه تاڵه‌ی ئه‌و رۆژگاره ژیابێت، ئه‌وكات و ئێستاش تۆزێك به ئاگابێت، ئه‌و راستییه ده‌زانێت که مام جه‌لال و نه‌وشێروان هاوشان بێجیاوازی دژی حیزبی شیوعی و هێزه‌کانی تر بوون و بڕوایان به بوونیان نه‌بووه. دیاره نه‌وشیروان كه‌سێك نه‌بووه که به ته‌نیا بڕیار بدات، بۆیه نه‌ك ته‌نها مام جه‌لالیش، به‌ڵكوو هه‌موو یه‌كێتی به‌سه‌ر كردایه‌تی و خواره‌وه‌ش، به ده‌ر له‌و کادیر و پێشمه‌رگانه‌ی که خوازیاری ئه‌و شه‌ڕانه نه‌بووبن، ئه‌گینا هه‌موویان به سه‌رگه‌رمییه‌وه به‌شدار بوون له‌و رووداوه‌دا، چونكه ئه‌و شه‌ڕ و کێشانه‌ی شاخ به ته‌نیا له "پشتئاشان"دا نه‌بوون، به‌ڵکوو له کۆی عه‌قڵییه‌ته خۆسه‌پێنه‌رانه‌ی ئه‌وکاتی یه‌کێتیی و بزاڤی سیاسیی به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. لێ یه‌کێتی نیشتمانیی که دوای هه‌ره‌سی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه ی خۆی به تاکه ده‌مڕاستی بزاڤی رزگاریخوازی کورده‌وه ده‌زانی. دواجاریش سه‌رچاوه‌ی کۆی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی یه‌کێتیی له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعیدا له "کاره‌ساتی هه‌کاری" نێوان یه‌کێتیی و ئه‌وکاتی پارتی "قیاده موه‌قه‌ته"دا ده‌ستپێده‌کات. له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه حیزبی شیوعی بوو به هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیتر له‌وێوه حیزبی شیوعی ده‌بێته به‌شێک له‌و کێشه و شه‌ڕه ئاڵۆزانه‌وه. ئه‌و ده‌ستبه‌ردار نه‌بوونه‌ی سه‌رکردایه‌تی حیزبی شیوعی له‌وکاتدا هۆکردی زۆره، لێ گرنگترینیان پاشخانی مێژووی حیزبی شیوعی له‌گه‌ڵ پارتیی، پێویستی حیزبی شیوعی به ئێران و بادینان بوو، که ئه‌مه‌ش بێ په‌یوه‌ندییه‌کی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ پارتییدا مه‌یسه‌ر نه‌ده‌بوو. ئاشکرایه حیزبی شیوعی ئێرانی پێویستبوو تا هات و چۆی کادیر و سه‌رکردایه‌تی به‌و رێگایه‌وه بکات. هاوکاتیش ده‌بوو له بادینان هێزی هه‌بێت، چونکه پردێک بوو له‌گه‌ڵ سووریادا. شیوعی له‌وێوه له سووریانه‌وه چه‌کی ده‌هێنا بۆ کوردستان و ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕانه‌وه یان له کوردستانه‌وه ره‌وانه‌ی وڵاتانی سۆسیالیستی ئه‌وکات ده‌کرد، به‌و رێگایه‌وه بوو. وێرای په‌یوه‌ندی مێژوویی و زۆرێک له سه‌رکرده‌کانی حیزبی شیوعی له‌گه‌ڵ پارتیدا، هانده‌رێک بوون بۆ ئه‌و نزیکایه‌تییه‌ی نێوان حیزبی شیوعیی و پارتی، که ئه‌مه‌ش حیزبی شیوعی کرده به‌شێک له‌و ناکۆکییه‌ی نێوان یه‌کێتیی و پارتییه‌وه.