سه‌باره‌ت به شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کر (4)
دوا وته له رامانگه‌لێکدا له ده‌ستپێکی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌م به دۆزی ئه‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه کرد، که ئه‌مڕۆ، وه‌ک "ئۆپۆزیسۆنێک"ی شیعریی له گفتوگۆیه ئه‌ده‌بیی، گۆڤار و چاپخانه کوردییه باڵاده‌سته‌کاندا په‌راوێز خراوه. دیاره‌ئه‌و ده‌نگه شیعرییه‌ی که من ئاماژه‌ی پێده‌که‌م ئه‌وه‌نده‌ی خولیای زمانێکی نه‌ریت شکێن و خود جه‌ختکه‌رکردنه‌وه‌یه، هێنده خولیای زمانێکی باڵا و ماریفه‌داری شیعریی نییه.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌یه‌کی خێرام به‌و ره‌وشه رۆشنبیرییه کرد که له کوردستاندا باڵاده‌سته. له‌وێدا له پێناو کردنه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ک بۆ رای جیاوازدا به‌شێکی زۆری به‌ڕێوه‌به‌رانی گۆڤار و نووسه‌ره ده‌سه‌ڵاتداره‌کانم به ئاکار کوێخا- ئه‌رۆستۆکراتی تازه‌باو ناودێرکرد. چونکه ئه‌و نووسه‌ر و شاعیره له سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌ی کوردستاندا دیارده‌یه‌که له‌و چینه مشخۆره‌ی که ئه‌و دۆخه سۆسیۆ –ئابوورییه حیزبییه نه‌ک، به واتای جۆن لۆک، "ئابوورییه نیشتمانی"یه‌ی ئه‌مڕۆ سازاندویه‌تی. له‌و دۆخه‌دا ئه‌و ته‌رزه نووسه‌ر و شاعیره و ئیدۆلانه له یه‌ک کاتدا هاوکوفی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌مڕاستی جیهانی نووسینشن.
به‌مجۆره، به رای من، ئه‌وه‌ی که واده‌کا هزرکردنێکی نوێ و ده‌نگێکی ئه‌ده‌بی خه‌مڵیوو له زمانی کوردییدا له دایک نه‌بێت، بوونی ده‌سته‌ڵاتێکی چه‌قبه‌ستوو و ره‌ها‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بییه که ئه‌و نووسه‌ره ئاکار ئه‌رۆستۆکراتییه بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاوێزانییه‌تی. دیاره لێره‌دا ئه‌و ئه‌م نووسینه بواری نییه له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته‌وه بپه‌یڤێت، لێ له داهاتوودا، ئه‌گه‌ر بێهووده‌یی له بێبه‌هابوونی نووسین بوارم بدات، راڤه‌یه‌ک له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره ئه‌رۆستۆکراتییه تازه‌باوه ده‌نووسم که سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئه‌و بێبه‌هابوونه‌ی نووسین و ئێتیکه مێشسالارییه‌ی کوردییه‌یه که ئێستا ژیانی رۆشنبیریی کوردیی ئاراسته‌ده‌کا.
به‌مجۆره به ده‌م سه‌فه‌ری ئه‌و خوێندنه‌وه هه‌وڵمدا رۆشناییه‌ک بخه‌مه سه‌ر رووخساری ئه‌و ره‌وانبێژیی، زمانه هاودژه‌ی که به ده‌مڕێکردنییه‌وه خوده خۆکرده‌که‌ی شاعیر داده‌ڕێژێت و هاوده‌میش وێنه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستامان بۆ نماییش ده‌کات. دیاره ئه‌ده‌ب به گشتیی و شیعریش به تایبه‌تی ئاسۆیه‌کمان بۆ ئاوه‌ڵاده‌کاته‌وه، تاکوو له‌و شوێنکاته‌ی ژیان که چێژی ژیانی تێدا نه‌ماوه ئازادییه‌کی روحیی و وزه‌یه‌کمان بۆ هزرکردنێکی نه‌هزرێنراومان پێ ببه‌خشێت. که‌واته شیعر هانمانده‌دا به‌و جیهانانه ئاشنا بین که تاقیمان نه‌کردۆته‌وه. بۆیه ئه‌وه شیعره که له‌گه‌ڵ تامی ئه‌و ته‌نیاییه‌ی که خوده‌که‌مانی ته‌نیوه‌ته‌وه ئاشتبینه‌وه.
هه‌روه‌ک هه‌وڵمدا ئه‌وه خه‌ختبکه‌ینه‌وه که ئه‌و خوده به‌و ره‌وانبێژییه‌وه، که مه‌یله‌و ئازایانه‌تر له زمانی به‌شێکی زۆر له شاعیرانی هاونه‌وه‌که‌ی خۆی، ئه‌وانه‌ی که له‌ناو خه‌یاڵی زڕه"ئه‌شق"، هه‌ڵاتنێکی مێتافیزیکیی و زمانی لاسایکردنه‌وه‌یه‌کی بێچێژی یه‌کتر یان به‌شێک له شاعیرانی به‌ر له خۆیانه‌وه خنکاون، ئه‌و خوده راسته‌قینه‌ی خۆی بنووسێته‌وه و به‌مه‌ش نهێنی کات، بچمی سه‌ده‌مه‌که‌ی خۆی بنووسێته‌وه و را‌بگه‌یه‌نێت. له روانگه‌یه‌وه، ده‌کرێ بێژم، شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کر، ده‌کۆشێ زمانی خودی سه‌رده‌مه‌که‌ی بێت، تاکوو به روانبێژیی، هاودژییه‌کانی ئه‌و زمانه له دۆخی فه‌رامۆشکردندا ئومێده‌وار بکات
له هه‌مبه‌ر ئه‌و وێناندنه جوانبێژییه‌ی که له‌و شاعیره مه‌یلداره به خۆبوونه‌مان کرد، هاوکاتیش، به حه‌زێک له‌و ئومێدبوونه به‌و مه‌یلاندنه‌ی خوده ئازاده‌ی ئاریاه‌وه، ده‌مه‌وێ ئه‌مه‌ش بڵێم، که له شیعره‌کانی ئاریان یشدا کاریگه‌ریی سوهراب-گه‌رایی، رێژه‌یه‌ک له زمانی سوهراب ئاماده‌یی هه‌یه، جا ئه‌و کاریگه‌رییه راسته‌وخۆ بێت یان به رێگای ئه‌و شاعیره "ناسراو"ه کوردییانه‌وه بێت که له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه ده‌نووسن. هاوکاتیش ئاریان حه‌ز ده‌کا ده‌نگ، ناسنامه به تشته چکۆڵه‌کان ببه‌خشێت، دواجاریش شیعری ئه‌و سۆزێکی زۆری هه‌یه بۆ بۆ چێژی میوه و به‌خشینی ماف و ئازادی ده‌ربڕین به گیانه‌وه‌ره به‌د وێنه‌کراوه‌کان، بۆ نموونه سه‌گه، مێش، مشک... تاد، بۆیه ئه‌و له رووی رێزمانییه‌وه حه‌ز ده‌کا له بیری "ئێمه" یان "ئه‌و" یانیش "تۆ"، ئه‌و گیانله‌به‌رانه به رانای من بدوێن. دیاره له شیعری کوردییدا پێش ئاریان ئه‌بوبه‌کر، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم، ته‌نیا رێبوار سیوه‌یلی وه‌ک ئه‌زموون له شیعر و نووسیندا ئه‌و ئیشکردنه‌ی له‌سه‌ر "تشته بچووکه‌کان" و به‌خشینه ره‌هه‌ند مرۆڤایه‌تییه به گیانه‌وه‌ران کردووه و میوه‌شی کردۆته بابه‌تی شیعریی. لێ تشتێکی نوێ نییه که بڵێم له ره‌چه‌ڵه‌کدا ئه‌و شێواز و ئیشکردنه شیعرییه به‌هره‌ی له سوهراب سپێهری وه‌رگرتووه. دیاره به‌هره وه‌رگرتن له ئه‌زموونی شاعیرانی جیهانیی و خۆماڵی به‌شێکه له به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی ئه‌فراندن، لێ گرینگ ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌هره وه‌رگرتنه به‌خشینی ره‌هه‌ندێکی نوێ بێت به‌و ئه‌زموونه نه‌ک گواستنه‌وه‌ی سێبه‌ره‌کانی.
دیاره به‌شێکی شاعیرانی نه‌وه‌ده‌کان و ئێستاش نه‌ک هه‌ر به‌هره‌یان له شێواز و ئاوازی شیعریی سوهراب وه‌رگرتووه، به‌ڵکوو به‌شێکیان کتومت کۆپله‌یه‌ک له شیعری سوهراب ده‌گوازنه‌وه ناو شیعره‌کانیانه‌وه. لێ راستییه‌که‌ی ئاریان به به‌هره‌یه‌کی خۆکرده‌وه سوودی له ریتمی زمان و یاریکردن به وشه‌وه وه‌رگرتووه که له ئه‌زموونی سوهراب سپێهرییدا باڵاده‌سته. بۆیه ئاریان ئه‌و شاعیره‌یه، که بوێرانه مه‌یلی خود داڕێژان و نیشاندانی دۆخی ئێستا ده‌نووسێته‌وه، ده‌خوازێت ئایینده‌یه‌کی خۆکردی شیعری مسۆگه‌ر بکات.
ئۆکتۆبه‌ر-نۆڤێمبه‌ری 2009
ستۆکهۆلم
ژێده‌ر و په‌راوێز:
(1)بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم بڕوانه: هه‌ندرێن" پۆستمۆدێرنیزم: خودێکی نائاماده یان ده‌قێکی بێ‌ماڵ"، کۆتایی 2007، ئه‌م وتاره له هه‌مان ساڵ له گۆڤاری "هه‌نار"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
(2) سه‌باره‌ت به زیاتر زانین له‌مه‌ڕ چه‌مکی "باڵاده‌ستی ته‌کنیک" و "Das man"، بڕوانه ئه‌و دوو نووسینه‌ی هه‌ندرێن: "ئه‌زموونی بێماڵیی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاریی" و "گه‌ڕان به دوای خودێکی ره‌سه‌ن مێگه‌لاندنی ئاپۆره‌دا"، که یه‌که‌میان له کۆتایی پارساڵدا له گۆڤاری "هه‌نار" و ئه‌ویتریش له کتێبی "خامه‌یه‌کی رۆشنبیریی له پشت گوێی زماندا" بڵاوکراونه‌ته‌وه. یان سه‌یری ئه‌و لینکه بکه: http://handren07.kurdblogger.com/ . بۆ زانیاری زیاتریش له‌مه‌ڕ ئه‌و دوو چه‌مکه به زمانی سوێدیی، بڕوانه کتێبی:
- Heidegger. M, ”Teknikens väsen och andra uppsatser”, Övers. R. Matz (Lund: Doxa, 1981.
- D. Brinbaum och Sven Olov Wallenstein, ”Heideggers väg, Tales, 1999.
(3) " مه‌سعود محه‌مه‌د-ی زانا له گه‌شتێکی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زماندا"، که دیمانه‌یه‌که شوکور مسته‌فا ئاماده‌ی کردووه و له نه‌وه‌ده‌کاندا له یه‌کێک له ژماره‌کانی گۆڤاری "رامان"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه. لێ مخابن من ته‌نیا کۆپیی ئه‌و دیمانه‌یه‌م بێ ژماره ساڵی ده‌رچوونه‌که‌یم هه‌ڵگرتووه.