سه‌باره‌ت به شیعری ئاریان ئه‌بوبه‌کر (3)
ئاریان له‌ناو ئه‌و دۆخه هاودژه‌ی خوددا هه‌وڵده‌دا به زمانێکی ساتیرئامێز رووبه‌ڕووی دۆخی ئێستا بێته‌وه. ئه‌و خوده‌ی ئاریان ده‌خوازێت دابڕاو له رابردوودا له ئێستادا ئاماده بێت. بۆیه شیعری ئه‌و هاوئاهه‌نگ له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستادا هه‌ڵگری زمانی رۆژانه‌یه. لێ ئه‌و شیعرێکی دڵ‌بزوێن به‌و زمانه رۆژانه‌ییه‌وه ده‌نووسێت که له کاتی خوێندنه‌وه‌دا واملێده‌کا که به روانبێژیی، هاودژییه خۆ دووباره‌کردنه‌وه‌کانییه‌وه خۆشمان بوێت. هاوکاتیش ئه‌و به‌و روانبێژییه له هاودژییه، شیعرێکی مه‌یل ئیستێتکیکیی سیاسی ده‌نووسێت که راسته‌وخۆ ئه‌وها خۆی نانوێنێت. لێ ئه‌و حه‌ز ناکات وه‌ک ده‌مڕاستێکی جه‌ماوه‌ر و نه‌ته‌وه شیعر بنووسێت، به‌ڵکوو ده‌خوازێ وه‌ک خودێکی سه‌فه‌ر کردووی شیعریی، هه‌میشه بزۆک بنووسێت. ئه‌و به ده‌م ئه‌و سه‌فه‌ره‌وه حه‌ز ده‌کا له نۆرمه‌کانی زمان و نه‌ریته باوه‌کانی جڤاکدا ئازاد بێت. به کورتی ئه‌و شاعیره له سه‌رده‌مێکی داماڵراوه له ئه‌خلاو سه‌رنجکێشی ده‌یه‌وێت خوده سه‌رنجکێشه‌که‌ی ئاوه‌ڵا بکات:
" وەک شوتیەکی قاش کراو
نهێنیەکانم ئاشکرا ئەکەم
............
من وام
لە جەڕەسی هەموو ماڵەکان ئەدەم
دەست ئەیەم لە هەموو کچەکانەوە
تەکلیف لە هەموو پیاوەکان ئەکەم
یەکەم کەس ئەبم
کە دواهەمین کچ ئەکەم بە ژن
من
وااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااام
کە ئەخلاق خۆی ئەکات پیاما
سەرم ئەخەمە
سیفۆنی ئاودەستەکەمەوە..." (بڕوانه شیعری: سه‌گ)
به‌مجۆره ئه‌مڕۆ ماناکان کرده‌یان له ده‌ست داوه، چێژی ژیان بێچێژێکی گه‌ردوونی ده‌چێژرێت ئه‌خلاق بوو به کاڵا و که‌ی ویستمان لای بازرگانه‌کان به هه‌رزانفرۆش ده‌فرۆشرێت. لێره‌وه ئه‌و "ئه‌خلاق"ه‌ی وا ده‌کات شاعیر بڕشێته‌وه نه‌ک هه‌ر چیتر به‌های "ئه‌خلاق"ی نه‌ماوه، به‌ڵکوو له مه‌دیو په‌رده‌کانییه‌وه بێ-ئه‌خلاقترین مرۆڤ ده‌ژیت. بۆیه ئاریان له جڤاکێکی داماڵراو له ئه‌خلاقدا به تیشکۆیه‌ک له‌و ره‌وانبێژیی، شیعرییه‌ته هاودژه‌یه‌وه بێ- ئه‌خلاقی وه‌ک "ئه‌خلاق"ێکی باڵا وێنه ده‌کا:
" من
وام
دوام کەوە
دوام کەوە
کە لە بە ئەخلاقترین قەحبە خانەدا
گەڕامەوە" (هه‌مان شیعر)
شاعیر له ناو ئه‌و به نامۆبوونه‌دا مرۆڤ وا وێنه ده‌کا که خۆی بداته ده‌ست مه‌یلی بێهووده‌یی تاکوو له ته‌نیایی بۆشاییه په‌نخواردووه‌کانی ناخی هه‌ڵبێت. لێره‌وه داننان به‌و دۆخه‌ی سیخناخ به ته‌نیایی و نادڵنیایه، مانای بوونی ته‌رزه هێزێکی شیعرییه لای ئه‌و شاعیره، تاکوو مرۆڤ له نه‌مانی ئه‌و ئێتیکه ئێستێتکییه به ئاگا بهێنێته‌وه که پێشمه‌رجێکه له بوونیدا. به‌ڵێ، له‌مدیو وشه لێکچنراوه‌کانی ئه‌و شاعیره‌دا رۆشنایی خودێکی نامۆ به "شوێن" رووی ناوه‌کی کات رۆشنده‌کاته‌وه. ئه‌و شاعیره دوای رشانه‌وه‌ی ئه‌و "ئه‌خلاقه‌ی که خۆی ئه‌کات پیایا" ، له "مردنی مێشێک"دا به زمانێکی وێنه‌دار و هاوکاتیش هاورده‌یی گاڵته ئامێزه‌وه مه‌یلی جڤاک و گیانه‌وه‌ره‌کانی ئه‌و دۆخه بێباکه نوێیه به ته‌کنیک سێکسێنراوه نمایش ده‌کات:
" مێشەکان دواى نان سفرە ناسڕنەوە
مێشەکان ترسیان لەوە نیە
لە قوتابخانە دەرنەچن
مێشەکان لە عەشقا بە پلەن
مێشەکان هاوینان ئەچن بۆ سەیران
مێشێک
لە وڵاتێکى بێ پەڕۆدا عادە ئەبێت
مێشێک
لە چات‌دا خۆى ئەکات بە کچ و
شەوى 1000000000000000 کوڕ ڕەحەت ئەکات..."
ئه‌و شیعره که هاوتایه له‌گه‌ڵ مه‌یلی ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌مڕۆ، ته‌نیا گه‌ڵته‌ی به "ترس"ی به ده‌رنه‌چوون له قوتابخانه نییه، به‌ڵکوو له پێناو چێژدا ره‌گه‌زه نێرینه‌که‌ی ده‌کات به مێینه، که ئه‌و ئازادییه‌ی ره‌گه‌زگۆڕینه به شێکه له مه‌یل و ئازادییه‌کانی ئه‌م رۆژگاره، به ته‌نیا و ئازاد، بێترسی نه‌ریته باوه‌کانی جڤاکه، له یه‌ک کاتدا مه‌یلی خۆی له ره‌گه‌ز گۆڕیندا پیاده ده‌کات. دیاره ئه‌و وێناندنه‌ی ئاریان له دۆخی مرۆڤ و گیانه‌وه‌ره‌کانی ئه‌م دۆخه خه‌یاڵاندنێکی شیعریی نییه، به‌ڵکوو واقیعێکی راستییه که ته‌کنیک وه‌ک به‌شێک له‌و جیهانه ئاڵووده بوونه به هه‌وه‌سی سێکسییه سازاندوویه‌تی. لێره‌وه ئاریان به زمانێکی وێنه‌یی له خوده ئاوه‌ڵاکه‌یه‌وه، ئه‌و جیهانه ده‌مبه‌ستکراو، بۆ گوتن نه‌شیاوه له زمانی کوردییدا نیشانده‌دات.
لێره‌دا که ستاییشی زمانی ئه‌و شاعیره ده‌که‌م، مه‌به‌ستم زمان و رێنووسی ستانده‌رد نییه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم له‌و ره‌وانبێژیی، هونه‌ری هاودژییه‌ی ئاوێته‌کراوه‌ی نێوان وشه و هه‌ستی بیناییه له پرۆسه‌ی داڕێژانی خوده شیعرییه‌که‌یدا. وه‌کو تر، یه‌کێک له‌و خه‌وشانه‌ی زمانی ئاریان، که له کن من، ئاماژه‌یه‌کی روونی وابه‌سته‌بوونی ئه‌وه به‌و زمانه سه‌ر زاره‌کیی و ده‌ڤه‌رییه‌ی که به‌ر له‌و، وه‌ک ده‌ڵێن، شاعیری "گه‌وه‌ره" و هاوکوفه‌کانی به‌کاری ده‌هێنن. لێره‌وه ده‌کرێ بپرسین: ئاخۆ گاڵته‌جاڕیی نییه کاتێک شاعیر و نووسه‌ره ناسراو و "گه‌وره"ه‌کانی سلێمانیی و هه‌ولێر و که‌رکوک به خۆیان به زمان و رێنووسی گه‌ڕه‌ک و شار بنووسن و هاوکاتیش له ئاخێوه‌رانی ده‌ڤه‌ر و شاره‌کانی تریش بخوازن پشتگیریی له‌و "داخوازینامه"یه بکه‌ن، که ساڵی پار له لایه‌ن کامیار سابیر و نووسه‌ری ئه‌و دێرانه‌وه ره‌شنووسه‌که‌ی ئاماده کراو و پاشانیش 52-1 نووسه‌ر و شاعیر واژوویان کرد، ئاکامی ئه‌مه‌ش گفتوگۆیه‌کی بێ ئاکامی نایه‌وه؟ به‌ڵێ، ئێستا که زۆرینه‌ی نووسه‌ر و شاعیران به زمانی گه‌ڕه‌ک و ده‌ڤه‌ر و شاره‌که‌یه‌که‌وه ده‌نووسن، بۆیه لێره‌دا ئه‌و ئاماژه‌یه به رێنووسی ئاریان، ته‌نیا به یادهێنانه‌وه‌ی به‌های زمانه.
لێره‌دا کارێکی بێسوود نابێت، که ئاماژه‌یه‌کی خێرا به کیشه‌ی ئه‌و پاشه‌گه‌ردانییه‌ی رێنووسی کوردیی بکه‌ین. به‌ڵێ، هه‌ر له حه‌فتاکانه‌وه زمانناسه په‌رۆشخۆره‌کانی زمان له "کۆڕی زانیاری کورد"دا باسی زانستی‌یان له‌سه‌ر کیشه‌ی رێنووس و ستانده‌رد نووسییه‌وه. سه‌باره‌ت به‌و کیشه‌ی "ئ" که نووسه‌رانی سلێمانی به‌کاری ده‌هێنن، مه‌سعود محه‌مه له "گه‌شتێکی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌ت و زماندا" ده‌ڵێ: " له شێوه‌زاری سلێمان ده‌نگی (د) موشکیله‌یه‌کی (نێوده‌وڵه‌تانه). سه‌یره وشه‌ی (مه‌ند" ناو ناوه ده‌کرێته (مه‌نگ..) ته‌نانه‌ت له جیاتی (ئه‌مه‌ت به چه‌ند) ده‌کرێته (ئه‌مه و به چه‌ن) /.../ به‌شی هه‌ره زۆری کورد ده‌نگی (د) ده‌خاته به‌رایی چه‌ند جۆره فیعله‌وه وه‌ک: ده‌خۆم، ده‌مخوارد... له زاری سلێمانی و به‌شێکی عه‌شیره‌ته‌کاندا (دال)ه‌که ده‌که‌ن به هه‌مزه. که تووشی (ده‌بخۆ، ده مه‌ڕۆ) بوویت له زاری سلێمانیدا ئیشکاله‌کی زل په‌یدا ده‌بێ. که گه‌یشتیه (ده‌با بخورێت.. ده‌بایه نه‌چێته سینه‌ما..) کاره‌که سه‌ختتر ده‌بێت.. له‌م وشه‌ی ده‌بێت، که ده‌نگی (ت) به (ضمیر) داده‌نێن حه‌قیقه‌تێکی زل سه‌رپۆش ده‌کرێت؛ چونکه فیعله‌که سێ ده‌قی هه‌یه: ده‌بێت، ده‌بێ، ده‌بیتن. شێخ ره‌زا ده‌ڵێ: "به یادی چاوی مه‌ستی خۆم ده‌با مه‌یخانه بێتن جێت.." نه (ت) به ته‌نێ و نه له‌گه‌ڵ (ن) به دوایه‌وه نابنه به‌رکار (مفعول به) وه‌ک که ده‌گوترێ: ده‌بینین، ده‌تانبینن، ده‌مانبینن، ده‌تبینن. له مانانه‌دا (م، تان، ی، یان، مان، ت) به‌رکارن.. /.../ ئه‌م ورده حیسابه‌ی سه‌ره‌تایی له مه‌یدان رێزماندا، که ده‌بوو گرفت ره‌وێنه‌وه بێت، له ئاکامی ده‌مارکێشی و به خۆ نازین و خه‌ڵک به که‌م زانین شه‌ڕه گه‌ڕه‌کێی به‌ر له (100) ساڵ به خه‌به‌ر ده‌هێنێته‌وه..." (3)
به‌مجۆره ده‌کرێ که‌سێک له قسه‌ی رۆژانه‌دا بڵێ: "ئه‌که‌م"، "ێم"، "یامێ"، "ئه‌یه‌م"، "راکه‌ین" و ... تاد، لێ ناکرێ له نووسیندا هه‌ڵه‌یه، به تایبه‌تیش شاعیر که گوایه بوونه‌وه‌رێکی زمانییه. بۆیه رێنووسه راستییه‌ی ئه‌م وشانه "ده‌که‌م"، "دێم"، "دامێ"، "ده‌ده‌م"، "رابکه‌ین"ه.
لێره‌دا من، وه‌ک باوه، نیازم نییه ماسولکه‌ی رێزمانزانی نیشانبده‌م، به‌ڵکوو به گرنگم زانی ئاماژه‌یه‌کی خێرا و هاوکات پێویستیش، به گرفتی ئه‌و رێنووسه له کن نووسه‌رانی سلێمانی که به‌ربه‌ستێکه له‌به‌رده‌م خه‌ونی به فه‌رمیکردنی زمانێکی ستانده‌ردی کوردیی.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئه‌و شاعیره‌مان، که لای ئه‌و ئاماده‌یی زمانی بینایی واده‌کات به زمانێکی بینین ئامێزی رووت شیعر بنووسێت. ئه‌و رووتییه له شیعری ئه‌ودا وا ده‌کات مه‌ودای نێوان بۆشایی وشه‌گه‌ل، ره‌نگ و فیگیوره‌کانی تابلۆکانی ئاوێزانی یه‌کتر بن و له شیعردا به‌رجه‌سته‌ببنه‌وه. به‌مجۆره له شیعری ئاریان دا دڵبزوێنیی و وێناندنی جیهان خودیی و گه‌وهه‌ری ئێستا له‌وه‌دایه، که هه‌میشه بێئۆقره له سه‌فه‌ردایه. بۆیه شیعری وی وه‌ک پانتاییه‌ک، خاکێک له بینایی به رێگای وشه‌گه‌ل و ده‌ربڕینه هاودژه‌کانه‌وه ئاسۆیه‌ک له وێنه‌ی خوده‌که‌ی نماییش ده‌کات. ئاماده‌یی ئه‌و زمانی بیناییه، جیهانه وێنه‌ییه له شیعری ئه‌ودا په‌یوه‌ندی به ئاماده‌بوونی شێوازی هێلکاریی له کن ئه‌ودا هه‌یه. زمان له کن ئاریان سنوورداره، چونکه شیعره‌کانی زیاتر ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یه که زمان دوای گفتوگۆیه ته‌کنیکی، چاتکردنه‌کانی نێوان دوو که‌سدا به‌جێیده‌هێڵێت. به‌مجۆره دوای ئه‌و ته‌قاندنه‌وه‌یه زمانه‌که‌ی له هه‌موو نۆرم و نه‌ریته باڵاده‌سته‌کاندا زرگار ده‌کات. بۆیه شیعره‌کانی ئاریان خۆشییه‌کی چێژداری خودیی ئاوێنه ده‌کاته‌وه که ئه‌زموونکراوه. له شیعری ئاریان دا په‌یوه‌ندی نێوان رسته شیعریی و وێناندنه‌کان، وه‌ک حه‌زی ره‌نگه‌کان، له جه‌سته‌ی یه‌کتردا ده‌توێنه‌وه. لێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان رسته و وێناندنه‌کان حه‌ز ناکه‌ن له دیمه‌نێکی لۆژیکیدا له‌نگه‌ر بگرن.
شاعیر ئه‌وها به ئاوێزانکردنی وشه و خه‌یاڵاندنێکی شێوه‌کارانه وه وێنه‌ی دۆخێکی ئه‌و خوده ناوه‌کییه‌ی ده‌کێشێته‌وه:
" وا من لەبەر چاوى قەیرەترین مشکدا
گەورەترین قاشە پەنیر
ئەزموون ئەکەم
لە ناو خۆشترین جێگادا
ئیهانەی پشتی و سەرین ئەکەم
سکێچی زەوى
لەسەر وەرەقەیەکى ئەی فۆر
جێ ئەکەمەوە..." (بڕوانه شیعری: سه‌گ).
ئه‌و شاعیره به شێوازێک زمان ئاراسته ده‌کا که بتوانێت ئه‌و هه‌ستی بینینه‌ی که له تابلۆکانیدا هه‌یه به گۆ بێت، تاکوو به‌و هه‌ستی بینینه‌وه چاوی خوده ناوه‌کییه‌که‌ی به بوونی خۆی به ئاگا بێت و به ئه‌زموون بکات، تاکوو وێنه‌ی خوده مه‌یلدار به داڕێژان "له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌کی ئه‌ی فۆر" به‌رجه‌سته‌بکاته‌وه. دواجار ئاریان ئه‌و شاعیره‌یه شیعرێکی خودخواز به وشه‌گه‌لی هزرورووژێن و ئاواز خێراوه به زمان ده‌به‌خشێت، تاکوو زمانیش له سه‌فه‌ره هه‌میشه‌ییه‌که‌یدا به چێژی خۆشی، به ده‌رکه‌وتنی رووخسارێکی گزینگپۆش له دره‌ختیی و ئێستایه‌کی له‌رزۆک شاگه‌شکه‌مان بکات.

لێ چۆن ئه‌و متمانه‌یه چییه که شیعری ئاریان وامالێده‌کات بڕوای پێبکه‌ین؟ به‌ڵێ، به‌رسڤێکی ساده بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌کرێ ئه‌وها بێت: چڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و رامان و نیگایانه‌یه که به ده‌مڕکردنانه‌ی شیعره‌کانییه‌وه ره‌وانبێژیی خوده هاودژ و ئێستای مرۆڤێکی داهێزراو له‌ناو بێهووده‌یی، ته‌نیایی، بۆشایی و سێکسگرییمان بۆ ئاشکرا ده‌کات. شیعری ئاریان له تواناییدایه که تشته‌کانی ژیان، ئازاری وشه‌گه‌له په‌رته‌کانی زمان و هاودژییه دڵهه‌ژێنه‌کان ببینێت. ئه‌و ده‌توانێت زمانێکی "ناشیعریی" و "رۆژانه" بکات به زمانێکی شیعریی، روانبێژیی خوده‌که‌ی. به‌مه‌ش "راستیی"ه‌کی زمانیی به‌رهه‌مبهێنێت.