شیعری گەنج .. (بەشی 2)
ئه‌گه‌ر ژیان بریتی بێت له سه‌فه‌رێکی هه‌میشه و شیعریش سه‌فه‌رێکی ناوه‌کیی بێت به‌ناو ئه‌و ژیانه‌وه، که‌واته ئه‌وه ژیانه یان زایه‌ڵه‌ی زمانه به ده‌مڕێوه شاعیری نوێ به‌رهه‌مده‌هێنێت، تاکوو ئه‌ودیوی ژیان، ئه‌و واقیعه نائاماده‌مان بۆ ئاماده بکات که ئه‌و هه‌ستی پێده‌کات و مه‌یلی نماییشکردنییه‌تی.
له‌و دیده‌وه ئێستا مه‌یلێک بۆ ره‌وتێکی "نوێ" شیعریی له دایکبووه که به شیعری گه‌نج" ناودێر ده‌کرێت. دیاره من ئه‌و به‌ناوکردنه‌ی "گه‌نج" به کێشه ده‌زانم، چونکه ده‌سته‌واژه‌ی "گه‌نج" زیاتر وێنه‌ی ته‌مه‌نێکی فیزیکیی دیاریکراومان به یاد ده‌هێنێته‌وه نه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ . بۆیه لێره‌دا من حه‌ز ده‌که‌م ده‌سه‌ته‌واژه‌ی ره‌وتێکی شیعریی نوێ به‌کار بهێنم. ئه‌و ره‌وته شیعرییه‌ش، له پێناسه‌یه‌کی ساده و تاکڕه‌هه‌نددا، هه‌رچه‌نده دیمه‌نه گشتییه‌که‌ی به منداڵێکی باقۆ، هه‌راش نه‌بووی ئه‌و ره‌وشه سیاسیی، ئابووریی و جڤاکییه گه‌نده‌ڵ و بێ "سیاسه‌تی کو‌لتووریی"ه ده‌چێت. لێ به‌شێکیان هه‌رچه‌ند، به واتای نیتشه‌یی، "ناتوانن ئه‌و به‌ها نه‌ریتیی و چه‌قیوه شیعرییانه تێکبشکیێنن، خه‌می به دیارخستن و به گۆهێنانی واقیعێکه که له جیهانی شیعر-بوونایه‌تییه‌که‌یدا په‌نادراوه؛ ئه‌و واقیعه‌ی که وێده‌چێت ته‌نیا دڵه‌خورپه‌کانی زیاتر بکات، تاکوو هه‌میشه بگه‌ڕێت، بنووسێت. گه‌لۆ شاعیر له گه‌ڕانی به‌رده‌وامی بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌و ژیانه نائاماده‌یه‌دا بێجگه له به‌رینترکردنی ته‌نیایی و دڵه‌خورپه‌کان، چیتری ده‌ستده‌که‌وێت؟
به‌هه‌مه حاڵ، تاکوو ئه‌و گومان و پرسیارانه له‌مه‌ر شیعری "رابردوو" و "ئه‌مڕۆ"دا که له ئارادایه بۆ "ئه‌وانیتر"-خوێنه‌رانیش ئاوه‌ڵا بکه‌ینه‌وه، ده‌کرێ بپرسین: گه‌لۆ ئه‌و شاعیرانه‌ی که سه‌رچاوه‌ی جیهانبینیی و نۆرمه شیعرییه‌که‌یان له بیرکردنه‌وه تاکڕه‌هه‌ند و باوه‌کانی حه‌فتا و کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا ریشئاژۆیه، کاتی دابڕان و "نوێ"کردنه‌وه‌یان نه‌هاتووه؟ کێن ئه‌وانه‌ی که ده‌بێت ئه‌و ئه‌رکه له ئه‌ستۆ بگرن؟ ئه‌و ره‌وته شیعرییه‌ی که به "شیعری گه‌نج" ناودێر ده‌کرێت، که له بزاڤێکی به‌رهه‌ڵستکاریی په‌راوێزخراو ده‌چێت، له چتۆ ئاست و دۆخێکدایه؟
*** دیاره لێره‌دا مه‌یلی ئه‌وه‌م نییه که وه‌ک "پسپۆڕ" یان شاعیرێکی "ئه‌زمووندار"، وه‌ک قسه‌ی مه‌جلیس یان به‌رته‌کێک له مجگێزیی خێڵه‌کیی بڕیار له‌سه‌ر "داهێنه‌ر"یی و "داهێنان"ی ده‌قه‌کانی شاعیری "رابردوو" و "ئێستا" بده‌م. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه 19 ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پێوانه مجگێز (میزاج)ییه له ئاستی سیاسیی و رۆشنبیرییدا ژیان، ماف، ئازادیی و ئه‌رکه‌کانمان ده‌قه‌بلێنێت. چونکه، وێڕای ئه‌وه‌ی گه‌لحۆییه ئێمه بڕیار بده‌ین که کێ بۆی هه‌یه بنووسێت یان نه‌نووسێت. وه‌کو تر، له کن من، ئه‌گه‌ر ده‌قێک یان ئه‌زموونێک دڵکێشم بکات، وه‌ک باوه، له گفتوگۆیه‌ک یان ستوونێکی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی بۆ ناکه‌م، به‌ڵکوو به گوێره‌ی توانا، چێژ و دۆخی دڵنه‌رمی کاته‌وه، به ده‌ر له ره‌هه‌ندی "پیر" و "گه‌نج"، وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆم ئه‌و ده‌ق و ئه‌زموونه‌م به جوانیی و ناشیرینییه‌کانه‌وه به‌رهه‌مهێنا بێت، مشتوماڵی ده‌که‌م، ده‌یلاوێنمه‌وه و سه‌رکۆنه‌ی ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ریش ئێتیکی نووسینی هه‌بێت ده‌بێت ئه‌و ئاکاره‌ی منی له دیاد گرتبێت، که من، لێره‌دا بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خۆم بکه‌مه‌وه، له‌سه‌ر به‌شێک له‌و شیعره‌م نووسیوه که له‌سه‌ری نه‌نووسراوه، که "نه‌ناسراو" بووه و ده‌بوو/ده‌بێ ناسبکرێت. دیار من له گفتوگه‌یه‌کمدا له گۆڤاری "رامان"دا، 2005 به چڕی ئاماژه‌م به گرینگی شیعری ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئێستا داوه. ئاشکرایه ده‌مێکه دیارده‌ی ئه‌و بۆشاییه شیعرییه له نێوان نه‌وه‌ی رابردوو و ئه‌مڕۆدا له ئارادایه. هاوکاتیش ده‌مێکه ئه‌و نه‌وه نوێیه له بواری جوودای رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییدا ئاماده‌یی هه‌یه. وه‌لێ ئه‌گه‌ر له کن ئه‌و شاعیر و نووسه‌ره "ئه‌زمووندار"انه‌وه ئه‌و چه‌ند شاعیره "گه‌نج"ه‌ی، که له وه‌ڵامه مه‌یله و له یه‌کچووه‌کانیاندا له ته‌وه‌ره‌که‌ی " کوردستان راپۆرت"دا ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن، شیعری "جوان" ده‌نووسن یان داهاتووی "باش"یان هه‌یه، ئه‌ی بۆچی به‌ر له‌و ته‌وه‌ره‌ی که له ماوه‌ی مانی 11 و 12ی 2009 له" کوردستان راپۆرت"دا سازکراوه جارێک له جاران له نووسینێکیاندا ئاماژه‌یه‌کی بایه‌خداریان پێنه‌کردوون یان کۆڕێکی تایبه‌تیان بۆ ساز نه‌کردوون؟ بۆ نموونه که‌ریم ده‌شتی، عه‌باس عه‌بدولا یوسف و دڵشاد عه‌بدوڵا و... که وابزانم هه‌م هه‌رسێکیان ده‌ستبه‌کارن له "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" و گۆڤاره ناپێویسته‌که‌یان و هه‌میش دووانیان سه‌رنووسه‌ری "ئاینده" و "مێرگ" ن و له شوێنی تریشدا کاربه‌ده‌ستن، ده‌کرێت پێکه‌وه به گوێره‌ی توانا، به ده‌ر له به‌های ماددیی هه‌رنا بۆ جۆشدانی ئه‌و دۆخه مت و مردۆخه‌ی رۆشنبیرییه‌ی که له کوردستاندا له ئاردایه، زنجیره کۆڕكێک یان ته‌رزه فیستیڤالێکی دوور له به‌های ماددیی له حه‌وشه داخراو و خه‌مۆکه‌که‌ی "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" دا بۆ ئه‌و ئه‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه یان هاوبه‌ش له نێوان هه‌موو ده‌نگ و نه‌وه‌کاندا بسازێنن. (ده‌زانم ئێستا ده‌ڵێن، ئێمه کۆشیعر و شیعرگه‌لی "گه‌نج"انمان له گۆڤاره‌کانماندا چاپکردوون). کێشه‌ی ئه‌و گۆڤارانه ئه‌وه‌یه، ناتوانن له‌و شێوازه نه‌ریتییه تێبپه‌ڕنن. ئه‌مڕۆ ئه‌وکاته گۆڤارێک به شێوه‌یه‌کی کارا ده‌توانێت کارێگه‌ریی له‌سه‌ر رۆشنبیریی کوردییدا هه‌بێت، که له ئاراسته‌یه‌کی ئامانجداردا له روانگه‌ی تیۆریی فره‌ره‌هه‌نددا ته‌وه‌ر له‌سه‌ر بابه‌ته نوێیه‌کان بسازێنێت. له کاتێکدا که مرۆ وه‌ک پێشنیاز به خاوه‌ن ئه‌و گۆڤاره ناوبراوانه ده‌ڵێت، بۆ ته‌وه‌رێک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته یان ئه‌و نووسه‌ره فه‌رامۆشکراوه ناکه‌نه‌وه، هه‌میشه وه‌ڵامیان ئه‌وه‌یه ته‌وه‌ر سه‌خته، چونکه نووسه‌ر نییه بنووسێت! من خۆم به‌ر له چه‌ند ساڵ جارێک که داوام له یه‌کێک له‌و گۆڤارانه کرد، که به قسه‌ی خۆیان "باشترین گۆڤاره"، که ته‌وه‌رێک له‌سه‌ر مه‌سعود محه‌مه‌د بکه‌نه‌وه، که‌چی وه‌ڵامیان ئه‌وه‌بوو، که کارێکی وا سه‌رناگرێت، چونکه نووسه‌رانێکی خاوه‌ن توانا‌مان بۆ ته‌وه‌ر نییه جا که ره‌خنه‌ش له ئاست و نه‌ریتی کۆنی ئه‌و گۆڤارانه ده‌گریت، ده‌ماریان سوار ده‌بێت! که‌واته ئه‌و قسه‌یه‌ی که ده‌ڵێ: هێشتا نووسه‌رانی رابردوو "ئیبداع"یان ماوه، مایه‌ی گاڵته‌جاڕیی نییه؟
ئه‌گه‌ر وانییه، ده‌بێت به‌شێکی گرینگی ئه‌و بابه‌ته ئه‌ده‌بییانه ئه‌رکی "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" و "یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد" بێت، (نازانم هێ له‌وه‌ی هه‌ولێر و دهۆک، یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد هه‌یه؟ دیاره ئه‌وه‌ی دهۆک هیچ په‌یوه‌ندی به‌وه‌ی هه‌ولێر و نووسین و نووسه‌رانی غه‌یره بادینیی نییه) ، که به لای که‌می ساڵانه به شێوه‌ی جیاواز کۆڕگه‌لێکی فره‌وان، فیستیڤالی ئه‌ده‌بی بکه‌ن. هه‌روه‌ک جێگه‌ی سه‌رنجه، نووسه‌ری ئه‌مڕۆ له خۆی ناپرسێت: بۆچی "وه‌زاره‌تی رۆشنبیری" ،که له وه‌زاره‌تی گۆرانیی ده‌چێت، بۆچی ئه‌و هه‌موو بودجه‌ی کوردستانه له سه‌ر حیسابی رۆشنبیریی له سازکردنی کلیپێکی عه‌نتیکه بۆ کچه گۆرانیبێژه گه‌نج یان به‌ناو نوێیه‌کان به سه‌فه‌ری لوبنان و میسر و تورکیا خه‌رجده‌کات، که‌چی هیچ بایه‌خێک به‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه نادات؟ چما ئه‌و شاعیره "ئه‌زمووندار"ه ناپرسێت: ئه‌و "وه‌زاره‌ته..." بۆ ئاهه‌نگێڕان و به‌زمگه‌رمکردن داواوه‌تی ده‌یان گۆرانبێژی بێ "ئیزافه"ه‌یه‌کی نوێ ده‌کات، ئه‌دی بۆ فیستیڤالێک بۆ ئه‌و ده‌نگه شیعرییه نوێیه ناڕه‌خسێنێت، تاکوو ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵگری ئومێدی "ئیزافه"یه‌کی شیعریی و ئه‌ده‌بیین به‌هره‌که‌یان بڕسکێن ؟ تۆ بڵێی شیعر له گۆرانی گۆتن بێبایه‌خدارتر بێت؟ ئاخر مایه‌ی گاڵته‌جاڕیی نییه، که نووسه‌رێک له‌و نه‌وه‌ی ئێستا ئه‌و بابه‌تانه ناورووژێنێت؟ لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه به‌های موزیک نه‌ک "گۆرانی بازاڕیی" له به‌های شیعر به که‌متر بزانم، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم ئه‌و وێنه گشتییه‌ی ئه‌و "وه‌زاره‌تی رۆشنبیری"یه‌یه که تاکوو ئێستا نیشانیداوه. (له به‌شی دووه‌می ئه‌م کتێبه‌دا، له وتاری "گۆرانی نوێ: هونه‌رێک له سه‌رسووڕهێنه‌ریی و وزه‌یه‌ک بۆ رسکانی کو‌لتووریی"دا باس له رۆڵی موزیک و کیشه‌کانی ئه‌و وه‌زه‌ره‌تی رۆشنبیرییه‌م کردووه). چونکه، نیتشه واته‌نی: تا ئه‌مڕۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته " ته‌نیا پاره بۆ موزیکی نه‌خۆش" و تشتی عه‌نتیکه به‌کار ده‌هێنێت. ئه‌وکات نیتشه ده‌گوت "شانۆیه گه‌وره‌که‌مان به ڤاگنه‌ر ده‌ژیت." (3) که‌واته ئه‌رێ جێگه‌ی گومان و پرسیار نییه، که ئه‌و وه‌زه‌ره‌ته، به ناوی رۆشنبیریی و له‌سه‌ر حیسابی بودجه‌ی حکومه‌ت و هاووڵاتیانه‌وه، به ملیۆن دینار له "فسیتیڤالی جگه‌رخوێن" و په‌یکه‌ره‌که‌ی، رێزلێنان له هێدیی و ... تاد دوای به هه‌ده‌ر ببات، که‌چی نه‌توانێت بیر له سازکردنی کۆڕێک یان یادێکی رۆشنبیریی لایه‌قدار بۆ نووسه‌رگه‌لێکی وه‌ک عه‌بدولخالق مه‌عروف، مه‌سعود محه‌مه‌د، شوکور مسته‌فا و چه‌ندین نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی به‌هاداری تر بکاته‌وه؟! ئاماده‌وه‌کو تر من له وتاری "به جڤاکیکردنی سیاسه‌تی رۆشنبیریی له کوردستاندا"، باسم له ئه‌رکی "وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی"ه‌یه‌کی کارا کردووه.(4)
*** لێره‌دا دیسانه‌وه بێسوود نابێت، که وه‌ک ئاراسته‌یه‌کی هاوته‌ریب (په‌ره‌لێل) ئاماژه بۆ رۆڵی گۆڤاره و نووسه‌ره به "ئه‌زموون"ه‌کانی سوێد بکه‌ین. دیار له سوێدیش ئه‌وه ئه‌و شاعیر و نووسه‌ره "ئه‌زمووندار" انه‌ن که به رێگای فیستیڤال، گفتۆگۆیی ره‌خنه‌یی، ته‌وه‌ر کردنه‌وه له گۆڤار و ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌کانیانه‌وه، ده‌نگی نوێی ئه‌ده‌بیی و هونه‌ریی ده‌ڕسکێنن. بۆ نموونه، دوو ساڵ له‌مه‌به‌ر گه‌وره‌ترین چاپخانه‌ی سوێدیی "Bonniers" کۆشیعری Silverfisken”"، که ره‌نگه به کوردیی مانای " ماسی زیویی" بگه‌یه‌نێت، بۆ کیژه شاعیرێکی 26 ساڵه، سۆفیا راپ یۆهانسۆن چاپکرد. دیاره‌ئه‌و کچه شاعیره له "نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی" ئه‌و کۆشیعره‌ی نووسیبوو. شاعیر له‌ناو زمانێکی شیعرییدا ئه‌زموونی سه‌ختی منداڵیی و هه‌رزه‌کاریی، په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ باوکیی و ژینگه منداڵییه ئازاراوییه‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات. له‌وێدا خوێنه‌ر به هه‌ستی نیگه‌ران و به‌ده‌ست مامه‌ڵه سێکسییه‌کانی باوکی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ئاشنا ده‌بێت. به کورتی ئه‌و کۆشیعره به شیعراندنی ئه‌زموونی منداڵیی و هه‌ره‌زه‌کاریی خۆیه‌وه، جیهانێکی شاراوه‌مان بۆ به گۆده‌هێنت که له‌مدیوی ئه‌خلاقه بینراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا له یارادایه. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و کۆشیعره له میدیاکانی سوێدییدا گفتوگۆیه‌کی گه‌رم له‌سه‌ر ئه‌و چاپکردنی ئه‌و کۆشیعره سازبوو. چونکه به‌شێک له ره‌خنه‌گره کۆنپارێزه‌کان پێیان وابوو که له رووی ئه‌خلاقییه‌وه نه‌ده‌بوو ئه‌و کۆشیعره چاپبکرێت. چونکه، به رای ئه‌وان، ئاشکراکردنی ئه‌و ره‌فتاره نائه‌خلاقییه که باوکی له‌گه‌ڵیدا کردوویه‌تی، کاریگه‌ریی نه‌رێتیی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌وه ده‌بێت. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش، به‌شێکی تر له ره‌خنه‌گره لیبراله نوێ، رادیکال و چه‌پڕۆکان ئه‌و کۆشیعره‌یان له ئاستی شیعریی و ئازادییه‌وه، په‌سندا. دواجار ئه‌و کچه شاعیره بوو به شاعیرێکی ناسراو. هه‌رچه‌ند ئه‌و کیژه شاعیره له "نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی- شێتخانه"یه ، که‌چی خه‌ریکی داهێنانه. ئه‌و شاعیره ئه‌و دۆخه نه‌خۆشی ده‌روونییه‌ی کرد به داهێنان. ئه‌دی قه‌ول هه‌موومان باس له‌وه ناکه‌ین، که کرده‌ی شیعریی ئاشکراکردنی جیهانه نائاماده و حه‌شاردراوه‌کانه؟ کرده‌ی شیعر، ئۆکتاڤیۆ پاز واته‌نی، توانایه‌ک به مرۆ ده‌به‌خشێت: " که بتوانێ هه‌میشه ده‌ڤه‌ره تازه‌کان داگیر بکات، به‌ڵام که مرۆ خۆی قاچی خسته ناو ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ببنه خۆڵه‌مێش، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌کی فراژاوه بۆ مه‌رگێکی تازه له دایک بوونه‌وه‌یه‌کی تازه‌تر." (5) بێنه به‌رچاوی خۆت ئه‌گه‌ر شاعیرێکی نه‌خۆش و نه‌ناسراو کۆشیعرێکی وا بۆ چاپخانه و گۆڤارێکی کوردیی بنێرێت، چۆن ده‌بێت!
*** به‌ڵێ، ئه‌و ره‌وته شیعرییه نوێیه نه‌خه‌مڵیوه، وێڕای ئاستی رۆشنبیرییه‌کی رۆژنامه‌وانی و گرفتی جوانناسیی له زمانییدا، لێ هه‌ڵگری خه‌می جیاوازی جڤاکیی، کو‌لتووریی و زیاتر ناسنامه‌ی خودییه، که‌چی له گفتوگۆ ئه‌ده‌بیی و بواری ره‌خنه‌دا که‌م و زۆر بایه‌خیان پێناده‌رێت. یه‌کێک له هۆکرده‌کان ئه‌وه‌یه، که به‌ناو ره‌خنه‌گر و گۆڤار و وه‌شانخانه‌کان له سنووری بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تاکڕه‌هه‌ندیی و باوی ئه‌ده‌بیی و چه‌ند شاعیری رابردوو و به ئیدۆلکراودا چه‌قیان به‌ستووه. وه‌ک گوتمان، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ش له شه‌ست و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو، مۆدێرنیزم‌دا ریشئاژۆیه، له‌وێدا شیعری کوردیی شێواز و ناوه‌ڕۆکێکی نوێ ده‌پۆشێت. ئه‌مه‌ش له دواجاردا بوو به روانگه‌یه‌ک که ئه‌مڕۆ رێگه‌نادا ئه‌و ره‌وته نوێیه به ئازادی بڕسکێت. له ئاکامی ئه‌مه‌شدا ئه‌و ره‌وته شیعرییه نوێیه، وه‌ک ده‌نگێکی"ئۆپۆزیسۆن"، که‌مبایه‌خکراوه. هه‌موو ده‌زانین، وه‌شانخانه بوجداره‌کانی وه‌ک "ئاراس" و "سه‌رده‌م" به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی دوایی حه‌ز ده‌کات وه‌ک ده‌زگایه‌کی "سه‌ربه‌خۆ" بناسرێت، بگره وه‌شانه به‌ناو "ئه‌هلی"یه‌کانیش، چۆن کۆشیعر و کتێبی شاعیر و نووسه‌ره "گه‌وره-پیر"ه‌کان، سه‌رباری دووباره چاپکردنه‌وه‌ی "کۆی به‌رهه‌م"ه کۆنه‌کانیان، به فه‌ڕاحی چاپده‌که‌ن، که‌چی شاعیرێکی "گه‌نج" یان "نه‌ناسراو" ده‌بێ به تکا و واسیته یان له کۆڵانی حیزبییه‌وه ئه‌و چاپخانانه رازی بکات تاکوو کۆشیعرێکی بۆ چاپبکه‌ن. به‌ڵێ، هۆکردێکی سه‌ره‌کی ئه‌و ره‌شه رۆشنبیرییه مردۆخ و سه‌قه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ، په‌یوه‌ندی به وابه‌سته‌بوونی کۆی ده‌زگا رۆشنبیریی، گۆڤار و چاپخانه‌کانی کوردستانه به حیزبه باڵاده‌سته‌کانه‌وه. ئه‌مڕۆ له ئه‌ده‌بی کوردییدا هه‌ر ته‌نیا ده‌نگی ئه‌و شاعیره "گه‌نج"ه نوێیه هیدڵی (جددی)یه په‌راوێز نه‌خراوه، به‌ڵکوو خودی کرده‌ی شیعر، یاده‌وه‌ریی زمان و کو‌لتووریی خوێندنه‌وه‌ش بێبه‌ها کراون. ئاخر ئه‌وه تراژیدییه، ئه‌مڕۆ له کاتێکدا جڤاکی کورد له دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسیی و رۆشنبیرییدا ده‌ژیت، که‌چی، بۆ نموونه، له شارێکی وه‌ک هه‌ولێردا که گوایه پایته‌ختی کوردستانه مانگانه سێ کۆڕ و سێمیناری له بواری جودای سیاسیی و رۆشنبرییدا تێدا ناکرێت. له‌وه‌ش گه‌ڕێ، کتێب خوێندنه‌وه مانای نه‌ماوه. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ له‌و ره‌وشه رۆشنبیرییه کڵۆڵه‌ی کوردستان تێبگات، ئه‌ونده به‌سه که سه‌یری شێوازی کتێبفرۆشییه‌کانی کوردستان بکات، که له‌وێدا کتێب به سووکترین شێوه نماییشده‌کرێن. باسی ئه‌وه‌ش ناکه‌ین که له کۆی کوردستان دوو کێبخانه‌ی رێک و پێک نییه. ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ئه‌و کۆڕه تاک و ته‌رایانه‌ی که له مێدیاکاندا نماییشده‌کرێن، ته‌نێ له هۆڵه داخراوه‌کانی رێکخراوه حیزبیی و به‌ناو "مه‌ده‌نی"یه‌کاندا ده‌گوزه‌رێن، ته‌نیا به‌شێک له ئه‌ندامانی ئه‌و رێکخراوانه، له پێناوی به‌رده‌وامی بازاڕه‌کانیاندا، ئاماده ده‌بن. بۆیه ئه‌و کۆڕه مه‌به‌ست دووکاندارییانه هیچ به‌هایه‌کی رۆشنبیریی و کاریگه‌رییه‌کی جڤاکییان نییه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه شیعریی و کولتوورییه هه‌رزانکراوه بگۆڕدرێن ده‌بێت پایه‌کانی ئه‌و نووسه‌ر، شاعیر و ناوه‌نده رۆشنبیرییانه‌ی که به ریگای ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی و ئابوورییه‌وه ده‌مڕاستی رۆشنبیریی و شیعریی ده‌که‌ن هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه. به گرینگ نه‌زانینی ئه‌و ره‌وته شیعرییه نوێیه تشتێکی ئاساییه، چونکه کاتێک، نه ره‌خنه‌گرێک، نه تیڤێیه‌ک، نه چاپخانه‌یه‌کی "ناسراو" و باڵاده‌ست له‌سه‌ریان نه‌نووسن، دیدارێکیان له‌گه‌ڵدا نه‌که‌ن و کوشیعره‌کانیان چاپنه‌که‌ن چۆن بناسرێن؟ چۆن وزه و کێشه شیعریی و زمانه‌کانیان بزانێن و بزانن؟ کاتێک گۆڤار و پاشکۆیه ئه‌ده‌بییه‌کان کۆشیعره‌کانی ئه‌و شاعیره گه‌نجه نه‌ناسێنێت، چۆن خوێنه‌ر ده‌کڕێت؟
*** لێره‌دا ناچارم راشکاوانه"به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه" بێژم، به‌شێکی زۆری ئه‌و پاشه‌گه‌ردانییه شیعریی و په‌راوێزخستنه‌ی ده‌نگی گه‌نج په‌یوه‌ندیان به سیاسه‌تی یان ، په‌یوه‌ندی به‌و گوڕاح و مجگێزه خێڵه‌کییه‌ی گۆڤار و پاشکۆگه‌لێکی وه‌ک "رامان"، "ئاینده" ، "ره‌خنه‌ی چاو‌دێر" و کۆی ئه‌و شێوه بڵاوکراوه بێسه‌ر و به‌رانه‌وه هه‌یه، که وه‌ک وزه‌یه‌کی ژیان په‌رۆشخۆری ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌ی ئێستا و رابردووی شیعری کوردیی نین. له کاتێکدا ده‌بێت ئه‌وانه وه‌ک ده‌زگای بوجه‌داری حیزبی به ده‌ستپێوه‌گرتنه‌وه بوار بۆ رسکان و ده‌رکه‌وتنیان بڕه‌خسێنرێت. به‌رای من، خه‌می ئه‌و گۆڤار و "ره‌خنه‌ی چاو‌دێر" ه بودجه‌دار و ده‌سه‌ڵاتدارانه زیاتر بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان وه‌ک به‌شێک له‌و توێژه ئه‌ریستۆکراتییه تازه‌باوه، ته‌نیا له خزمه‌تی پێڕێکی په‌سه‌نده‌رانه‌ی ئه‌و شاعیر و نووسه‌ره به‌ناو "گه‌وره و داهێنه‌ر‌ی گه‌له‌که‌مان" ه که به‌مه‌ش شه‌رعییه‌ت بۆ قۆرغکردنی ئه‌به‌دیی ئه‌و گۆڤار و پاشکۆ و ده‌زگا ئه‌ده‌بییانه وه‌رگرن. دیاره ئه‌و پێڕه‌ی که "ره‌خنه‌ی چاو‌دێر" به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به پاڵپشتی بودجه‌یه‌کی قه‌به‌ی حیزبییه‌وه بڕیار له‌سه‌ر "داهێنه‌ریی" و "ناداهێنه‌ریی" شاعیر و ده‌ق ده‌ده‌ن. به رێگای به‌ڕاداندانی نووسین و دیداری دووباره‌وه خه‌ریکی په‌سندان و به پاڵه‌وانکردنی پێڕه‌کانی خۆیانن و ئه‌و شیعرانه‌ش بڵاوده‌که‌نه‌وه که خۆیان پێیان خۆشه. له کاتێکدا ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌وانه که به ته‌وه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه ئه‌و ده‌نگه نوێیانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه، تاکوو داهاتووی زمانی کوردیی و ئاوه‌دان و شکۆمه‌ند بێت. به‌ڵێ، له کاتێکدا که به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و گۆڤار و پاشکۆ ئه‌ده‌بییانه گوایه ته‌نیا "شیعر و نووسینی داهێنه‌ران" بڵاوده‌که‌نه‌وه، که‌چی به‌شێک له‌و پێڕه، که من له نزیکه‌وه ده‌زانم، بۆ مه‌یلی "ئاشقایه‌تی" یان خۆ شیرینکردن، شیعری هه‌ندێ ژن و پیاو بڵاوده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌مامکی "پسپۆڕی"یان له شیعر له‌سه‌ر رووخساری ئه‌رستۆکراتییانه‌یان هه‌ڵده‌داته‌وه. له‌وه‌ش بترازێین، هه‌ر هه‌مان تاقمی "ره‌خنه‌ی چاو‌دێر" به ناوی ئه‌ده‌ب و کولتووری کوردییه‌وه ساڵانه بودجه‌یه‌کی بێ‌سنوور له سامان و خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان بۆ چاپی کتێبه‌کانی نووسه‌رانی هاوپێڕه‌کان و داوه‌تکردنی نووسه‌رانی کورد و بێگانه‌ی هاوپێڕی خۆیان بۆ فیستیڤاله ئه‌جێندا حیزبییه‌کانیانه‌وه، ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن. چه‌ند شاعیری گه‌نجیش داوه‌تی ئه‌و فیستیڤاله ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی هاندانیانه بۆ وه‌رگرتنی "خه‌ڵات"ێکی ماددیی نه‌ک مانه‌ویی، هێنده هاندانیان نییه بۆ خۆ په‌روه‌رده‌کردن. له‌وه‌ش بترازێین، له ژێر سێبه‌ری ئه‌و دۆخه رۆشنبیرییه سته‌مگه‌ره‌یه‌دا وێڕای ئاماده‌بوونی مێگه‌لێک له به‌ناو رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر له‌و فیستیڤاله‌دا، که‌چی هیچیان به ئه‌رکی خۆیان نه‌زانی قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره بووده‌ڵه‌یه بکه‌ن. به‌ڵی، پارساڵ، 2008 دوای ئه‌وه‌ی که مانگێک ئه‌و پێڕه نووسه‌ره مشخۆره‌ی که ساڵانه خه‌ریکی بازاڕی "فیستیڤالی گه‌لاوێ"ن له "ره‌خنه‌ی چاو‌دێر"دا قسه‌ی رازاوه‌یان له‌سه‌ر رزگارکردنی فیستیڤاله‌که‌یان له پاشکۆیی حیزبیی، پێڕگریی و شارچییه‌تی هه‌ڵڕشت، منیش بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و گومانه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌جێندا و ئاکاری ده‌ڤه‌رچییه‌تیی و حیزگری ئه‌و "فیستیڤال"ه‌دا هه‌مبوو لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کم به‌ناوی "ئه‌زموونی بێماڵیی و شیعرییه‌تی به‌رهه‌ڵستکاریی"کرد که له‌سه‌ر ده‌نگێکی "گه‌نج"، رابه‌ر فاریق بوو نۆ ناردن. دیاره ئه‌و پیڕه ته‌نیا له نامه‌یه‌کی ئه‌لکترۆنییدا خوێنساردانه هه‌واڵی گه‌یشتنی لێکۆڵینه‌وه‌که‌یان پێڕاگه‌یاندم. له کاتێکدا تاقمی "فیستیڤالی گه‌لاوێژ" ساڵانه، به بیانۆی سازکردنی لۆبی کوردی"ه‌وه، خه‌ریکی گاگۆلكێ کردنن به دوای رازیکردنی چه‌ند نووسه‌ری بیانی بۆ "فیستیڤاڵ"ه‌که‌یان، یان به رێگای به‌ر‌تیله‌وه خه‌ریکی کڕینی چه‌ند نووسه‌ری عه‌ره‌ب و فارسن. ئاخر سه‌یره "لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه"که‌ی ئه‌و به‌ناو "فیستیڤاڵه" دوای ئه‌و هه‌موو بانگه‌شه و پێوه‌نانه‌ی، که گوایه خه‌می رۆشنیریی کوردییه‌تی، وتارێک قه‌بووڵ بکات و "خه‌ڵاتی دووه‌م"ی پێبه‌خشێت، که‌چی له فیستیڤاله‌که‌یاندا نه‌شیخوێنته‌وه. له‌وه‌ش گه‌ڕێ، که داواتکردنی من پاره‌ی تێده‌چوو، یان تا ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ داوه‌تکردنی من سه‌رفی ده‌که‌ن له داوه‌تکردنی پێڕی خۆیان یان بۆ باشتر ده‌م چه‌ورکردن، له رازیکردنی نووسه‌ر و شاعیرێکی هه‌میشه داواتکراوی عه‌ره‌بیی، فارسیی و ئه‌وروپیی خه‌رجی بکه‌ن، لێ ئاخۆ "خه‌ڵات"کردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک بێخوێندنه‌وه و بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی منیش، مایه‌ی گاڵته‌جاڕیی ئه‌و "فیستیڤاڵ"ه نییه؟ . (بۆ پینه‌کردنی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ش، له کن ناسیاوێک گوتبوویان وامانزانییوه هه‌ندرێن له هه‌ولێر ده‌ژیت. ئای له‌و گه‌مه ریسوا و سافیلکانه‌یه!) لێره‌دادواجار پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌و ئه‌جێندایه‌ی له پشته‌وه‌ی "فیستیڤالی گه‌لاوێژ" ئاماده‌یه، ئه‌جێندایه‌کی حیزبیی و ده‌ڤه‌رییه یان رۆشنبیریی؟ "فیستیڤالی گه‌لاوێژ"، که زۆر حه‌ز ده‌کا وه‌ک فیستیڤالێکی"سه‌ربه‌خۆ" و له خزمه‌تی "کو‌لتووریی کوردیی"ه‌دا بیناسین، به کام پێوانه و چۆن به‌ناوی هه‌ردی شاعیر، نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانێکه‌وه ساڵانه"خه‌ڵات" دابه‌شده‌کات ؟! ئه‌دی ئه‌گه‌ر ئه‌و فیستیڤاله بێلایه‌ن و له خزمه‌تی رۆشنبیریی کوردییه، که مه‌به‌ستم بێبایه‌خکردنی ئه‌و ناوانه‌ی خه‌ڵاتیان به‌ناو دابه‌شده‌کرێت نییه، بۆچی له بواری لێکۆڵینه‌وه، شیعر و هونه‌ردا "خه‌ڵات" به ناوی گۆران، مه‌سعود محه‌مه‌د، عه‌بدوڵخالق مه‌عروف، ، تایه‌ر تۆفیق، عه‌لی مه‌ردان، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ریی و ... تاد دابه‌ش ناکات؟!
*** له‌وه‌ش بترازێین، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک په‌رۆشخۆری ره‌هه‌ندی ئێتیکی نووسین و نووسه‌ریی بێت، ده‌بێت سه‌رنجێکی رۆشنبیریی له ئاکاری "یه‌کێتی نووسه‌ران"ی هه‌ولێر بدات، که مرۆ نازانێت "سۆسیال بیرۆ" یه یان مه‌کۆی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری هاوڕێی هاوئامانجی ماددیی و سیاسییه. دیاره یه‌کێتی نووسه‌ران" گه‌ره‌که بۆ هه‌موو نووسه‌ری په‌رۆشخۆر ئاوه‌ڵا بێت. یان سه‌کۆیه‌ک بێت بۆ ده‌سپێوه‌گرتن به کار و باری ژیان و به‌رهه‌می نووسه‌ران. وه‌لێ "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" که به "ته‌وافقی مسبق" ساڵانه، بێ نه‌ریتێکی ئه‌ده‌بیی و بێ ئه‌وه‌ش پێشوه‌خت که‌س بزانێت، پاره به‌ناوی "خه‌ڵات"کردنه‌وه به‌سه‌ر نووسه‌ری هاوپێڕ و ده‌سه‌ڵاتداردا دابه‌شده‌کا. پارساڵ ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه بێ ناونیشانێک، نه‌ریتێکی ئه‌ده‌بیی و پێوانه‌یه‌کی "داهێنه‌ر"یی، له‌سه‌ر وه‌زنی ئه‌و قسه نه‌سته‌قه‌ی کوردیی،"شین و شایی ده‌سته‌وایی"ه‌یه‌وه، به ئاماده‌بوونی "وه‌زیری رۆشنبیری"ی و "پارێزگاری هه‌ولێر" ، چه‌ند نووسه‌رێکی "خه‌ڵات"کرد. باسی ئه‌وه‌ش ناکه‌ین که هه‌ندێکیان زیاتر ده‌سه‌ڵاتداری میدیای حیزبین نه‌ک پیشه‌ی نووسین. هه‌موو ده‌زانین بودجه‌ی ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه له کوێوه دێت و ئه‌وانه‌ی سوودمه‌ندیشن کێن. به‌ڵام که‌س نایپرسی: ئاخۆ جه‌ماعه‌تی "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" له روانگه‌ی کامه خه‌می رۆشنبیرییه‌وه ساڵانه بێ ئه‌وه‌ی که‌س له هۆکار و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه ئاگادار بێت که به‌ناوی "خه‌ڵات"ه‌وه به‌سه‌ر خۆیان و که‌سانی ده‌سه‌ڵاتداری نزیک به مجێگێزی خۆیانه‌وه دابه‌شی ده‌که‌ن؟ بۆچی پارساڵ دوای هه‌فته‌یه‌ک له دابه‌شکردنی خه‌ڵاته "ته‌وافق"ه‌که‌یاندا به‌سه‌ر پێڕی خۆیانه‌وه، که گه‌نجێکیان تێدا نه‌بوو، "وه‌زیری رۆشنبیریی" و پارێزگاری هه‌ولێر"یان خه‌ڵاتکرد؟! هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پاره دابه‌شکردنه‌ی "یه‌کێتی نووسه‌ران" خه‌ڵات نییه، به‌ڵکوو کۆمه‌کییه. چونکه "خه‌ڵات" له هه‌موو وڵاتێکی غه‌یره پاشه‌گه‌راندا مانایه‌کی کو‌لتووریی هه‌یه، کۆمه‌کییه‌کی مانه‌وه‌یی نووسه‌رانه تاکوو به‌رده‌وام بن له نووسیندا، هه‌روه‌ک به‌شێکی گرینگیشه له "سیاسه‌تی کو‌لتووریی". دیاره "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر" خاوه‌ن ئه‌و کولتووره ئه‌ده‌بییه نییه که "خه‌ڵات" ببه‌خشێت. لێ سه‌یر ئه‌وه‌یه، له کوردستاندا واتای "خه‌ڵات" ته‌نیا له به‌های ماددییدا کورتکراوه‌ته‌وه. بۆیه پاش هه‌ر خه‌ڵات دابه‌شکردنێک نووسه‌ران، له بری سازکردنی گفتوگۆیه‌کی رۆشنبیریی کراوه له مێدیاکاندا له‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ریی ئه‌و "خه‌ڵات"دابشکردنه و گه‌نده‌ڵیی ئه‌و "یه‌کێتی نووسه‌رانی هه‌ولێر"ه، که‌چی ئه‌و له مه‌جلیس و چایخانه‌کانی کوردستاندا ده‌رده دڵ و منگه منگ ده‌که‌ن.