جەوهەری پەروەردە نەیتوانیووە عەقڵیەتی مامۆستا بگۆڕێت
سازدانى: شەقام
لەم دیمانەیەدا هەندرێن نووسەر و شارەزا لە بوارى پەروەردا، تیشک دەخاتە سەر چەند لایەنێکى گرنگى بوارى پەروەردە لەوانە، سیستمى نوێى خوێندن و پەیوەندى نێوان مامۆستا و قوتابى و چەند بابەتێکى دیکەش.
شەقام: بۆچى زۆرى خەڵکى لەگەڵ گۆڕینى سیستمى پەروەردە نەبوون، ئایا خەڵکى ئێمە بەگشتى لەگەڵ گۆڕاندا نییە، یان شێوەى گۆڕینەکە تەندروست نەبوو؟
هەندرێن: گۆڕینى سیستمێک لە کۆمەڵگەیەکى وەکو ئەوەى ئێمە و هەموو کۆمەڵگەیەک بەتایبەتى کۆمەڵگەیەک کە لەسەر کۆڵەگەکانى داب و نەریتێکى کۆن و چەقبەستوو دەژیت، پێویستە بەر لەوەى ئەو گۆڕانە بکرێت، دەبێ ژێرخانى ئینسانى، کۆمەڵایەتى و کولتوورى لەبار بێت. گریمان لەبار نەبوو، بەتایبەتى لە کۆمەڵگەیەک کە پاشخانێکى وێران، داب ونەریتێکى قەتیسماو ئاراستەى دەکات، بۆ نموونە لێرە دەبینین نۆرمێکى چەقبەستوو کە تێکەڵاوییەکە لە نەریت و هەڵسوکەوت و رەفتارى خێڵ، هاوکاتیش ترێنجێنراو بە نەریتى ئایینى کە خۆى هانى دەدات بە جۆرێک لە متمانە و بڕوایى. ئەو جۆرە سستمە کۆمەڵایەتییە کە زۆر تەجریدە، هاوکاتیش کە باڵا دەستى ئایینى هەیە، زۆر رەگئاژۆ و دەبێت. جا لێرەدا هەر وەزارەتێک کە دەیەوێ گۆڕانکاریەک بکات، بەر لە گۆڕانکارى دەبێ هەوڵبدات بۆ دارشتن و زەمینە خۆشکردنى رێگەى ئەو پرۆسەیە لەناو هەناوى کۆمەڵگەدا. چۆن ئەمە دەکرێت؟
دەبێ بە کۆمەڵە پرۆژە، بۆ نموونە لە بوارى پەروەردەدا دەبێ لە سەرەتاوە لە سیاسەتى دەرچوونى مامۆستا ئەو کارە بکات، کاتێک تۆ مامۆستا ئامادە دەکەیت، ئەو مامۆستایانە دەتوانن ناوەڕۆکى ئەو گۆڕانکاریە لە رێگەى جیاوازەوە بگوازنەوە بۆ قوتابیان، ئەوەش سیاسەت و بەرنامەیەکى دەوێت. منداڵ لێرە له کوردستاندا کوڕى سیستهم نییە، بەڵکوو کوڕى خێزانە، کوڕى خێڵە، کوڕى گەڕەکە، ئەو جۆرە هەڕەمە، واتا نەبوونى ئینتیماى تاک بەتایبەتى خوێندکار ئەو کەسە تەنها نییە کە تۆ بتوانى قسەى لەگەڵدا بکەیت، ئەو گۆڕانەى فێر بکەى، بەڵکوو هاوکات دەبێ هەموو خێزان و خێڵ و گەڕەک و ئەوانە فێر بکەى. ئەوانەى قبوڵى ئەو گۆڕانکاریانەیان نییە، ئەوە نیشانەى ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگەیە زەمینەى ئەوەى بۆ خۆش نەکراوە، چونکە وابەستەیە بە کۆمەڵێک دابونەریتى چەقیو. لە زۆر بوارەوە تیۆرى دەگوازرێتەوە بۆ ئێرە، بەڵام لێرەدا نازانرێت، چ جۆرە تیۆرییەک بگوازرێتەوە، نازانن چۆن بیگوازنەوە. ئەو جۆرە گواستنەوەیە پێموانییە زۆر بیرى لێکرابێتەوە، ئەگەر بیریشى لێکرابێتەوە وا مەزندە کراوە کە دەکرێت ئەو شتە بگوازرێتەوە. تاکو ئێستا هەر ئەوە نییە کە کۆمەڵگە یاخود دابونەریت لێرە دژى ئەو گۆڕانکاریەیە، بەڵکو خودى ئەوانەى بەرپرسیارن یان ئەرکیان جێبەجێکردنى ئەو گۆڕانکاریەیە، ئەو ئامادەییەیان تێدا نییە، هەتا ئێستا هەر ئەوە نییە کە کۆمەڵگە و دابونەریت دژى ئەو گۆرانکارییە بێت، رەنگە ئەوانەى لەپەروەردە کاردەکەن ئەوە بزانن کە زۆربەى هەرە زۆرى مامۆستاکانى ئێرە دەرچووى سیستمێکى خوێندنى نەریتین، هاوکات بەشێکى زۆریان دەرچووى سیسمتێکى زۆر کۆنن کە لەسەر ئەساسێکى زۆر سادە و ساکار پەروەردە بوونە، ئەو سیستمەى کە پێیوایە مامۆستا خودایە و بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات و هیچ هێز و توانایەک لە خوێندکار نابینێت، ئەو جۆرە باڵا دەستییەى مامۆستا کە لە سیستمى پەروەردە و خێزانەوە بۆى ماوەتەوە، تۆ بێیت ئەو پرۆگرامە گۆڕان خوازەى بۆ دەکەیت، دەبێت مامۆستا ئەو پەرچە کردارەى کە تۆ باسی دەکەیت، لەلایەکەوە ئەو زەمینە کلتوورى و رۆشنبیرییەى بوونى نییە، هاوکات خودى پەروەردە پێشوەخت ئەو زەمینەیەى خۆش نەکردووە، تاکو بتوانرێت ئەو گۆرانکارییانە قبوڵ بکرێت.
شەقام: لەم حاڵەتەدا ئەرکى وەزارەتى پەروەردە قورستر دەبێت، بەوەى کە پێویستە مامۆستا پەروەردە بکاتەوە، ئەمە چۆن دەکرێت؟
هەندرێن: مامۆستا راپەڕێنەرى ئەو سیستەمەیە و دەبێت بەر لە هەموو کەسێک ئەو ئامادەییەى تێدا بێت، کاتێک وەزارەتى پەروەردە بڕیارێک دەردەکات و بەسەر قوتابخانەکەندا دابەشی دەکات، لە قوتابخانەکانیشدا مامۆستا پەیڕەوى ئەو بڕیارە دەکات، بۆیە لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێت مامۆستا پەروەردە بکرێت، پاشان تۆ گەر بتەوێ شتێک بگەیەنیت پێویستت بە کەرەستە و ئامراز هەیە، بۆ ئەوەى ئەو بەرنامە نوێیە بگەیەنیت، دەبێت لە ئاستى تەکنیک و بینایە کارێکى زۆر بکرێت، ناتوانرێت هەست و دڵى خوێندکار تەنها بە گۆڕینى مەنهەجەکە رابکێشێت، بەڵکو دەبێت لەڕێگەى فیلم و مۆسیقا و شتى دیکەش وەکو ئامرازێک بەکار بهێنرێت، تاکو بتوانرێت لەبەشە جیاجیاکانى هەر بابەتێکدا لە مێشکى خوێندکار بچەسپێنرێت، لەمەشدا دەبێت مامۆستاش لەو ئاستەدا بێت کە بتوانێت ئەم ئەرکە راپەڕێنێت، بۆ ئەوەى وەزارەتى پەروەردە لەو بڕیارەدا سەرکەوتن بێنێت، دەبێت پێشوەخت لەسەر ئاستە جیاجیاکان کار بکات، واتە تەنها سیستمەکە نەگۆڕێت. هەموو تیۆرییەکان مەرج نییە لە ئاستەکاندا پراکتیزە بکرێن، لە ئاستى کۆى جومگەکانى کۆمەڵگە، بۆ نموونە ئێستا گهڕهکی "کوران" و زۆرێک له گهڕهکهکانی شارهکانی تر پاشخانێکى گوندیان هەیە، بەشی هەرە زۆریان نەخوێندەوارن، ئەو جۆرە سیستمە قورسە لەوێ جێبەجێبکرێت، چونکە لەوانەیە ئەو کۆمەڵگەیەى ئەوێ هەموو شتەکان قبوڵ نەکەن، بەڵام لە گەڕەکێک کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پاشخانێکى گەورەى خوێندنى هەیە و کۆى ئەو ناوچەیە هەموویان خوێندەوارن ئەوە گواستنەوەى سیستم بۆ ئەوێ ئاسانترە، هەروەها قورسە کچێک لە گەڕەکى "کوران" بچێتە سەفرەیەک، بەڵام بۆ گەڕەکێکى دیکە رەنگە ئاسانتر بێت، بۆیە دەبێت سەرەتا بۆ ئەوەى ئەو پرۆگرامە سەرکەوتن بەدەست بێنێت لە شوێن و ناوچە و لە گەڕەک تاقى بکرێتەوە، تاکو بزانرێت چۆنە و بە چ شێوەیەک کار دەکات. ئایا چەند بەرهەم دێت و ئاستى خوێندکار چۆن بەرهەم دێت؟، دواتر لە کەناڵەکانەوە ئەوە بڵاو بکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە نموونەیەک، کاتێکیش ئەوە دەبیسترێت کە لە جێگەیەک هەیە، خەڵکى ئەو ناوچەیەش ئاسانتر وەریدەگرن، لەسەردەمى ئێستاشدا گواستنەوەى شتەکان زۆر ئاسانە.
شەقام: بوونى قوتابخانە نموونەیەکان بە هەموو جیاوازەیەکانەوە، تاچەند کاریگەرى نێگەتیڤ لەسەر دەروونى منداڵەکاندا دروست دەکات؟
هەندرێن: ئەو قوتابخانە نموونەییانە لە ئێستاى کۆمەڵگەى کوردیدا بوونیان هەیە، جیاوازییەکى چینایەتى و ئابوورى، هاوکات ناعەدالەتى کۆمەڵایەتییان تێدا بەدیدەکرێت، چینێکى فراوانی کوردى نەدار و نەخوێندەوارە و بارودۆخى خراپە ئەو منداڵە لەو ژینگەیەدا خوێندنى خراپ دەبێت، بەڵام چینێکى دیکە لەبەر ئەوەى بارودۆخى ئابوورى باشە دەچێتە ئەو قوتابخانانە، ئەمەش جەوهەرى پەروەردە ئاراستەیەکى خراپ وەردەگرێت، دەبێتە کۆمپانیا، وەک چۆن ئەوانەى دەچنە نازەمۆڵ کوڕى شار و دەوڵەمەندەکانن، ئەوەش وایلێدێت، ئەوانەى ناتوانن بچنە ئەو قوتابخانانە بە هەر هۆکارێک بێت دەبێتە هۆى ئەوەى دابڕانێکى گەورە و بۆشاییەکى گەورە لەنێوان توێژەکاندا دروست دەکات، هاوکات خودى تێگەیشتن لەسەر مانا و بەهاى پەروەردە دروست دەبێت، کۆمەڵگەى کوردى ئێستا پێویستى بە سیستمێکى ستاندارد هەیە، لە وڵاتانى رۆژئاوادا ئەو جۆرە پێناسە و بەجۆرکردنە نەماوە، ئەو جیاوازیکردنەى کە ئەم خوێندکارى تەمەڵە و ئەوەى دیکە زیرەکە، لەبەر ئەوەى تێگەیشتن بۆ بەهاى مرۆڤ گۆڕاوە، لە سیستمى پەروەردەى مۆدێرندا سێنتراڵ هەبوو، ئەم سەنتەرە حەقیقەتێکى هەبوو، لەم رێگەیەوە پێناسەى بۆ خوێندکار کرد، لە ئێستادا ئەو جۆرە دیدە نەماوە، تواناى تاکەکان هەریەکە لە ئاستى خۆیدا توانادارە، خوێندکار هەیە زۆر حەزى لە خوێندن نییە، کاتێک کە سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ، ئەوە نییە کە جەرهەرێکى واى هەیە، بەڵکو بارودۆخێک هەیە و دەکرێت ئەم خوێندکارە لە شتێکى دیکەدا زیرەک بێت، بۆیە ئەرکى پەروەردە لە جیاتى دامەزراندنى قوتابخانە نموونەییەکان و لە جیاتى هەموو ئەو دابڕان و جیاکارییەى کە دروستى کردووە، بیر لە شتى دیکە بکاتەوە، کردنەوەى ئەم قوتابخانە ئەهلیانە جۆرێک لە خوێن تاڵى دروست دەکات، بەرەبەرە خوێندن و شەهادە بۆ ئەو چینەیە کە دەوڵەمەندن، ئەمەش نا هاوسەنگى لە دیدى منداڵ دروست دەکات، رەنگە کۆمەڵگەش ئاگادارى ئەمە نەبێت، یەڵام خۆبەخۆ گۆڕانى ئەو وێنایە و ئەو جیاکارییە وا دەکات سیستمێک لە بیرکردنەوە دروست بکات. ئەمە وا دەکات چینێک سەربکەوێت و چینێک دابەزێت، ئەم ناهەوسەنگیەش خودى کۆمەڵگە بەختەوەر ناکات.
شەقام: تاکو ئێستا پەیوەندیەکى تەندروست لەنێوان قوتابی و مامۆستادا بوونى نییە، بە بۆچوونى تۆ ئەوپەیوەندییەى کە هەیە، چۆن و کەى دەگۆرێت؟
هەندرێن: گۆڕینى توندوتیژى لە کۆمەڵگەدا بەشێکى هەرە زۆرى بە وتووێژکردن دەبێت، لەسەر ئەو سەرچاوانەى کە توندوتیژى بەرهەم دەهێنن، لە کۆمەڵگەى ئێمەدا رەوایە باوک و دایک، یان برا گەورەکە لە برا بچوکەکە بدات، دواجار ئەو نەریتە دەپەڕێتەوە، بۆ ئەو تاکەى کە لەناو سیستمەکەدا پەروەردە بووە، کاتێک لە ئەوروپا ئەو سیستمە گۆڕاوە و سزا قەدەغەکراوە تەنها لە پەروەردەدا نەبووە، بەڵکو ئەو سزا و ئاگادارکردنەوەیە پەڕیەوە ناو خێزانیش، وەک چۆن قەدەغەیە مامۆستا لە خوێندکار بدات، بەهەمان شێوەش نابێت لە ماڵەوە لێی بدرێت، نەبوونى ئەو هاوسەنگییە ستاندارە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا بەشێکى هەرە گەورەى سەرەڕاى پاشخانێکى سیاسی و ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هەیە، هاوکات خودى جەوهەرى پەروەردەیە کە نەیتوانیووە عەقڵیەت و ئەخلاقى ئەو مامۆستایە بگۆڕێت. لە ئەوروپا کاتێک کەسێک دەکرێتە مامۆستا، سیسمێک هەیە ئاراستەى دەکات، پەیوەندى بەوەشەوە نییە کە ئەو مامۆستایە لەوانەکەیدا زیرەک بێت، بەڵکو بەشێکى هەرە گەورەى پەیوەندى بە ئەخڵاقییەتى ئەو مامۆستایە و پەیام و ئامانجى ئەو کارەکەیەتى، با زیرەک بێت، بەڵام ئەگەر رێز و تواناى نەبوو، کەسێکى توندوتیژ بوو، ئەوە سەرکەوتوو نابێت، وەک گوتمان وەزارەتى پەروەردە ئیشسی بۆ دروستکردنى جۆرێک لەو مامۆستایانە نەکردووە، دەبێت بەشێک لەو مەنهەجەى کە مامۆستا ئامادەى دەکات، لەسەر توندوتیژى بێت، ماناى توندوتیژى چییە؟، بەهاى خوێندکار و رۆڵى مامۆستا چییە؟، تاکو مامۆستا لەو نەریتە دابڕێت کە لەماڵەوە گواستویەتییەوە، ئەمەش بەشێکى بە دروست نەکردنى ئەو مامۆستایەوە هەیە کە توندوتیژ نەبێت، بەشەکەى دیکەشی پەیوەندی بە نەبوونى زەمینەکەوە هەیە، چونکە بەپێى توێژینەوەکان ئەو منداڵانەى لێیان دەدرێت، کاریگەرى خراپی دەبێت و گێل و تەمەڵ دەبێت، هاوکات حەزى بۆ خوێندن و فێر بوون نابێت، کۆى ئەمەش پەیوەندى بە سیستمى پەروەردەوە هەیە، سیستمى پەروەردە دەبێت لە مامۆستاوە بۆ خوێندکار، لەوێشەوە بۆ کۆمەڵگە بگوازرێتەوە.
شەقام: وەک ئاگادارین ئێوە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە بەنیازن بۆ ئامادەکردنى پرۆژەیەکى تایبەت بە هۆشیارکردنەوەى مامۆستا، ئەو پرۆژەیە کەى و چۆن ئەنجامدەدرێت؟
هەندرێن: ساڵى پار کە لە دەرەوەى وڵات گەڕامەوە مامۆستا (شێرزاد حەسەن) پێشنیارى کرد کە من بێمەوە و چەند سیمینارێک لەسەر چەند تەوەرێکى دیاریکراو بۆ مامۆستایان باس بکەم، بەو پێیەى من لە سیستمى سویدیدا رشتەکانم خوێندووە کە فەلسەفە و مێژووە، هاوکات بڕوانامەیەکى تایبەتم لەسەر سیستمى پەروەردە هەیە کە ئەوەش بریتییە لەوەى کە هەر لەمێژووەوە پەروەردە چۆن بووە و چۆن گۆڕاوە، ئەرک و پەیام و شێواز و مێتۆد و مەنهەجە، ئەوە یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەى کە ئێستا جەختى لەسەر دەکرێتەوە کە چۆن تۆ وەکو مامۆستا بتوانیت بەو شێوەیە کۆى رەفتار و هەڵسوکەوت و ئەو توانایەى کە هەیە، چۆن بتوانیت دڵ و مێشکى خوێندکار رابکێشیت کە ئارەزووى وانەکان بکات. پرۆژەکەم کۆمەڵێک سیمینار بوو، بۆ کۆمەڵێک مامۆستا، لەسەر توندوتیژى، ئەرکى مامۆستا چییە بۆ نەمانى توندوتیژى لە کۆمەڵگەدا، ئاکامە خراپەکانى توندوتیژى لە کۆمەڵگەدا چییە و چۆن لەڕێگەى قوتابخانەوە دیاردەى توندوتیژى نەهێڵرێت یان کەمبکرێتەوە، چونکە لەپەروەردەوە مرۆڤى بەرهەمدار دروست دەکرێت، ئەوە پەروەردەیە کەسێکى پسپۆر لەبوارى فیزیا، پزیشک و هتد دروست دەکات، بەدەر لە پەروەردە تۆ ناتوانیت کەسێکى بەرهەمدار لەو کۆمەڵگەیەدا دروست بکەیت. رۆڵى پەروەردە چییە لە بەرهەمهێنانى کارەکتەرەکان؟ تاکو بەرەو ئاراستەیەکى سەرکەوتوو رێبکات، بەڵام راستییەکەى تاکو ئێستا بەهۆى بیروکراتییەت و رۆتین و ئەو عەقڵیەتەى کەوا لەوەدەچێت لە وەزارەتى پەروەردەوە هەیە، تاکو ئێستا ئەو کارە جێبەجێنەکراوە.
تێبینی: ئهم دیداره ل ژماره 135ی گۆڤاری "شهقام"، پاییزی 2009 بڵاوکراوهتهوه